ئیلکای گوندۆگان دەیەوێت لە بارسا بڕوات

18-08-2024
ئەحمەد حاجی @AhmedHajy10
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای ئەوەی بەهۆی پێکان لە یارییەکەی بارسێلۆنا و ڤالێنسیا ئامادەنەبوو، هەموو میدیایەکان باس لەوە دەکەن کە ئیلکای گوندۆگان دەیەوێت بارسێلۆنا جێبهێلێت و یانەی بارسێلۆناش دەیەوێت مووچە بەرزەکەی ئەو یاریزانەی لەکۆڵ ببێتەوە و بتوانێت یاریزانە نوێکەی لە لالیگا تۆماربکات.
 
وێستگەی داهاتووی ئیلکای؟
 
ئەو پرسەی ئێستا میدیاکانی ئیسپانیای سەرقاڵ کردووە ئەوەیە کە ئیلکای ساڵی داهاتوو لە کوێ یاری دەکات؟ زۆربەی میدیاکان هاوڕان لەگەڵ ئەوەی کە ئیلکای دەیەوێت بچێتەوە تورکیا و دوو بژاردەی لەبەردەستە.
 
بژاردەی یەکەم بۆ ئیلکای فێنارباخچەیە کە جۆزێ مۆرینیۆ راهێنەریەتی، بەتایبەتی لە دوای ئەوەی کە ئاجون ئیلیجاڵی بووە بە جێگری سەرۆکی فێنارباخچە ئەم یانەیە بیری لەدوای ئەوەیە یاریزانی بەنێوبانگ بگوازێتەوە ریزەکانی و داهاتی یانەکە زیاتر بەرەوپێش ببات، هەر ئەویش رۆڵی سەرەکی هەبوو لە هێنانی جۆزێ مۆرینیۆ بۆ تیپەکە.

 

بژاردەی دووەم لە تورکیا بۆ گوندۆگان، گەڵاتەسەڕایە، بەڵام پێناچێت نە ویستی یاریزانەکە بۆ یانەکە زۆر بێت و نە یانەکەش لەم کاتەدا بتوانێت ئەو مووچە بەرزەی یاریزانەکە دابین بکات.
 
جگە لەم دوو تیپە لە تورکیا، یانەکانی سعودیەش چاویان لەوەیە ئەم یاریزانە بگوازنەوە ریزەکانیان، بەڵام بەبێ ئەوەی دەستنیشان بکرێت کە کامە تیپە.
 
ئیلکای گوندۆگان لە وەرزی رابردوو  لە یانەی مانچێستەر سیتییەوە پەیوەندی بە یانەی بارسێلۆناوە کرد، لە وەرزی رابردوودا لەگەڵ بارسێلۆنا بەشداری 18 گۆڵی کردووە لە 51 یارییدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە