رووداو دیجیتاڵ
خامیس رۆدریگێزی ئەستێرەی پێشووی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و ئێستای لیۆنی مەکسیکی پێیوایە ئەو لە زینەدین زیدان، چاڤی هێرناندێز و تۆنی کرووسیش باشترە.
خامیس کە لە 2014 تاوەکو 2017 یاریزانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بووە و سێ ساڵ لە لالیگا یارییکردووە، خۆی وەک یەکێک لە باشترین یاریزانانی مێژووی تۆپی پێی جیهان دەناسێنێت، دووپاتیدەکاتەوە لە ریال مەدرید لەوە نیگەران نەبووە کە زینەدین زیدان لە پێکهاتەی تیپەکەی دوورخستووەتەوە.
خامیسی 33 ساڵ، لە پڕۆگرامێکدا بەشداریی کردووە و ناوی چەندین یاریزانی خراوەتە بەردەست کە بەراورد بەخۆی، باشتر هەڵبژێرێت لە نێوانیاندا و ئەو هەموو جارێک دووپاتیدەکاتەوە، ئەو باشترە.
خامیس لە بەراوردی نێوان خۆی و تۆنی کرووس، خۆی و لۆکا مۆدریچ و خۆی و چاڤی هێرناندێزدا، بەدڵنیاییەوە دەڵێ من لەوان باشتربووم.
کاتێک پێشکێكشارانی بەرنامەکە داوای دەستنیشانکردنی باشترینی لە نێوان خۆی و زینەدین زیدان لێدەکەن، ئەو کەمێک رادەوەستێت و دواتر دەڵێت، من باشتربووم.
لەبارەی زیدانەوە خامیس دەڵێ، "زیدان زۆر باشبوو، لە لووتکەی ئاستیدا نازناوی مۆندیالی لەگەڵ هەڵبژاردەکەی بردەوە، بەڵام خامیس لەو باشترە".
لەبارەی چاڤی هێرناندێزی ناوەڕاستکاری پێشووی بارسێلۆناوە، ئەو دەڵێ، "تەنانەت لە لووتکەی ئاستی ئەودا، من لەو باشتربووم".
خامیس باسی لەماوەی یارییکردنی لەژێر سەرپەرشتی زینەدین زیدان وەک راهێنەری ریال مەدرید کردووە و دەڵێ، "زیدان هەموو کات نموونەی باڵای من بوو، ئەو زۆر باش مەشقی دەکرد لەگەڵمان کاتێک راهێنەربوو، تەنانەت کوالیتیی ئەو لە هەموو یاریزانەکان بەرزتربوو".
ئەستێرە کۆڵۆمبییەکە دەڵێ، "من هیچ گلەییم لە زیدان نەبوو وەک راهێنەر، نیگەرانیش نەبووم لەوەی لە پێکهاتەی یانەکەی دوورخستمەوە، ئەو تیپێکی ناوازەی هەبوو، نەمدەتوانی بچمە ناویەوە".
ئەو زیاتر دەڵێ، "زیدان لە هەندێک یارییدا پشتی پێدەبەستم، بەڵام لە یارییە گرنگەکاندا یاریی بە کرووس، مۆدریچ و کاسیمیرۆ دەکرد و ئەوەش بڕیارێک بوو دەبوو رێزی بگرم".
خامیس لە 2017 بەشێوەی خواستن روویکردە بایرن میونشنی ئەڵمانی، پاشان لە 2020 بەیەکجاری ریال مەدریدی بەرەو ئیڤێرتۆنی ئینگلیزی بەجێهێشت.
لەماوەی یارییکردنی لەگەڵ ریال مەدرید، خامیس بەشداریی لە 125 یارییدا کردووە بەدرێسی ریال مەدریدەوە و 37 گۆڵ و 42 ئەسیستی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ