"ئەمشەو میلان یارییەکی گرنگتر لە چامپیۆنزلیگی هەیە"

18-03-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن میلان ئۆدینێزی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

دوای شکست بەرامبەر فیۆرێنتینا و یەکسانبوون لەگەڵ سالێرنیتانا، یانەی میلان جارێکی دیکە لە رکابەرییەکانی سێریا ئەی تێهەڵدەچێتەوە.. میلان کە چەند هەفتەیەکی چارەنووسساز لە نێوخۆی ئیتاڵیا و چامپیۆنزلیگیش چاوەڕێی دەکات، جارێکی دیکە دەیەوێ ئەو هێز و توانا و ویستی بردنەوەیە بەدەست بهێنێتەوە کە چەند ساڵێکە زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ وەک ئەفسانەیەک پێی دەبەخشێت.
 
ئیبرا گەرچی وەکجاران لە یاریگەی کاریگەریی نییە و یەکلاکەرەوە نییە لە گۆڵکردن و سەرخستنی تیپەکەدا. گەرچی زۆرینە پێیانوایە ئیبرا کۆتاییهاتووە و هیچ رۆڵێکی لە تیپەکەدا نییە، بەڵام ئەو سوورە لەسەر مەشقکردن و نزیک مانەوە لە تۆپ و هەوڵدان بۆ کاریگەر مانەوە لە نێو یاریگەدا.. ئیبرا مەشقدەکات و پەیامەکانی خۆی بەهەمووان دەدات کە ئەو ئەمساڵیش دەتوانێ سەروەرییەکی دیکە بۆ تیپەکەی بنووسێتەوە، بەڵام لە کوێ؟ ئەوەیان دیار نییە.
 
میلان لە گەڕانی بەدوای بردنەوە دوای شکست و یەکسانبوونێک، ئەمشەو روو لە ستادیۆ فیرۆلی دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئۆدینێزی، تیپێک کە لە باشترین رۆژەکانی خۆیدا نییە و لە دوایین دە یاریدا تەنیا دوو بردنەوەی بەدەستهێناوە، بەڵام ئەو تیپە کە تەنیا هەشت خاڵ لە یوڤێنتوسی خاوەنی پلەی حەوتەمی ریزبەندییەکەوە دوورە، مافی خۆیەتی نەهێڵێت میلان بەبراوەیی لە یاریگەکەی بچێتە دەرەوە.
 
میلان لە دوایین شەش یاریی خۆیدا بەرامبەر ئۆدینێزی نەدۆڕاوە، لە نێوان سەرکەوتن و یەکسانبووندا ئەنجامەکانی خۆی نووسیوەتەوە، بەڵام هەموو جارێکیش ئۆدینێزی ئەو تیپە بووە کە گۆڵی لە میلان تۆمارکردووە و سەرئێشەی بۆ دروستکردووە.
 
میلان کاتێک سەرقاڵی دوا مەشقەکانی خۆی بوو بۆ یارییەکەی ئۆدینێزی، تیروپشکی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ راکێشرا.. ئەوکات دەرکەوت میلان بەرامبەر ناپۆلی کەوتووە، بەڵام بۆ دەستەی تیپەکە و یاریزانەکانی، یارییەکەی ئەمشەو گرنگترە لەو یارییەی پاش نزیکەی مانگێکی دیکە دێت".
 
ستیفانۆ پیۆلی، راهێنەری میلان لەبارەی گرنگی ئەم یارییەوە گوتی "ئێمە لە مەشقەکاندابووین کاتێک تیروپشکەکە ئەنجامدرا، فۆکەسمان لەسەر یارییەکەی ئەمجارەمانە. دەمانەوێت ببەینەوە. بەڵام ئێمە بەر هەر تیپێک بکەوتینایە دەکرا قورس بێت، با راستگۆ بین، ئێمە ئێستا یەکێکین لە باشترین هەشت تیپی ئەوروپا چونکە لەم قۆناخەداین، ئێمە میلانین و دەمانەوێت لە رکابەریکردن بەردەوام بین. راستە ناپۆلی بەهێزە و لە خولدا لە ئێمە باشترە، بەڵام با ئەوەش بزانین کە چامپیۆنزلیگ چامپیۆنزلیگە و میلانیش میلانە".
 
ئۆدینێزی و میلان، هەردووکیان پێویستیان بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمشەو هەیە، بەڵام میلان پێویستییەکەی زیاترە بۆ سەرکەوتن، چونکە بردنەوەی یارییەکە، کۆتاییەکی باش دەبێت بۆ تیپەکەی پیۆلی کە ناچارە یاریزانە نێودەوڵەتییەکانی بەرەو هەڵبژاردەکانیان لەپێناو گەڕێکی فیفا دەیدا بەڕێ بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە