رووداو دیجیتاڵ
ئیڤانکۆ برانکۆڤیچ، راهێنەری هەڵبژاردەی عومان هاندەرانی هەڵبژاردەی عێراق دەترسینێت و دەڵێت " ئامادەین بۆ بردنەوەی نازناوی جامی کەنداو."
راهێنەری عومان بەر لە یاریی کۆتایی جامی کەنداو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی " ئێمە ئامادەین بۆ هەموو ئەگەرەکان لە یارییەکەدا، تەنانەت ئەگەر بچێتە کاتی زیادکراو و لێدانەکانی یەکلاکەرەوەش، سوپاسی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، هاندەران و میدیاکان دەکەین بۆ ئەو پشتگیری و میواندارییەی پێشکێشیانکرد."
راهێنەرەکە زیاتر دەڵێت " شانازی بەگەیشتن بە یاریی کۆتایی دەکەم، یارییەکە گەورە و جەماوەری دەبێت، لە یاریی کۆتاییدا تۆ بۆ بردنەوە یارییدەکەیت و ئێمە ئامادەین بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە."
برانکۆ لەبارەی هەڵبژاردەی عێراقەوە گوتی " لە یەکەم کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی هەڵبژاردەی عێراقەوە قسەمکردووە، لەرووی هونەرییەوە هەڵبژاردەیەکی گەورەیە و خاوەنی دەستەیەکی هونەری نایابە."
ئیڤانکۆڤیچ پەسنی عێراق و هاندەرانی دەدات و دەڵێت " لەگەڵ رێزی بۆ هەموو هەڵبژاردەکان، بەڵام هەڵبژاردەی عومان لەرووی هونەرییەوە باشترینە، سێجار بەرامبەر عێراق یاریمان کردووە و هەمووی جیاواز بووە، ناگەڕێینەوە بۆ یاریی یەکەم، شیکردنەوەی زۆرباشمان بۆ یاریی عێراق بەرامبەر قەتەر کردووە."
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا راهێنەری هەڵبژاردەی عومان دەڵێت " هەوڵدەدەین گرێی دۆڕان بەرامبەر هەڵبژاردەی میوان لە یارییە کۆتاییەکاندا بکەینەوە، هەست بە بەخشندەیی و پێشوازی گەرمی عێراقییەکان دەکەین و مافی خۆیانە پاڵپشتی هەڵبژاردەکەیان بکەن، بەڵام ئێمە دەمانەوێت هاوشێوەی یاریی بەرامبەر بەحرەین لە کاتی ئاساییدا یارییەکە یەکلابکەینەوە و نازناوەکە ببەینەوە."
رۆژی پێنجشەممە کاژێر 19:00 یاریی کۆتایی جامی کەنداو بەڕێوەدەچێت، هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و عومان لە یاریگەی بەسرەی نێودەوڵەتی رووبەڕووی یەکدەبنەوە و رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکە دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ