هاندەرانی ڤالێنسیا گۆرانییان بۆ ڤینیسیۆس ئامادەکردووە

17-02-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هاندەرانی یانەی ڤالێنسیای ئیسپانی، گۆرانییەکیان بۆ ڤینیسیۆس جونیۆر، یاریزانی بەرازیلی و ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید ئامادەکردووە و تێیدا ئەو یاریزانە بە "گەمژە" ناودەبەن. 
 
ساڵی رابردوو ریال مەدرید بووە میوانی ڤالێنسیا و یارییەکەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر پێدۆڕاند. لە گێمی دووەمی یارییەکەدا ڤینیسیۆس جونیۆر لەلایەن بەشێکی هاندەرانی یانەی میواندارەوە رووبەڕووی کرداری رەگەزپەرستی بووەوە و بە 'مەیمون' بانگیانکرد، کە دواتر یانەکە بەپێبژاردنی 27 هەزار یۆرۆ سزادرا.
 
دوای ئەو رووداوە، رۆژنامەی سوپەر دیپۆرتێی نزیک لە یانەی ڤالێنسیا،  ڤینیسیۆسی بە 'پینۆکیۆ' ناوبرد، کە کاراکتەرێکی چیرۆکی منداڵانە و بەوە ناسراوە کە هەرکاتێک درۆدەکات لووتی درێژ دەبێتەوە، رۆژنامەکەش وێنەیەکی ڤینیسیۆسیان بە لووتێکی درێژەوە لەسەر بەرگی رۆژنامەکەیان دانا.
 
رۆژی دووی مانگی داهاتوو، 2-3-2024، جارێکی دیکە یانەی ریال مەدرید روو لە یاریگەی مێستایا دەکات و دەبێتە میوانی ڤالێنسیا. بەپێی سوپەر دیپۆرتێ، هاندەرانی یانەی ڤالێنسیا بۆ ئەو یارییە گۆرانییەکیان بۆ ڤینیسیۆس ئامادەکردووە کە بەمشێوەیەیە "یاریزانێکی بەنێوبانگی ریال مەدریدە، تاکە شت کە کردی گریان و درۆکردنبوو. لێرە و لەوێ دەگریا و گاڵتەی بە رکابەرەکانی دەکرد. ئەو هات بۆ ڤالێنسیا و چیرۆکەکە کۆتایی هات، کێشەکە ئەوەیە کە ئەو گەمژەیە، هەرگیز لەبەر رەنگی پێستی ئەو کارەی بەرامبەر نەکراوە، لۆ، لۆ، لۆ."
 
ڤینیسیۆس جونیۆر، لە رابردوودا زیاتر لە هەشت جار بەرامبەر چەندین یانەی جیاواز لە لایگادا رووبەڕووی کرداری رەگەزپەرستی بووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی تووڕەبوونی یاریزانەکە و وایلێکرد کە بڵێت "رەگەزپەرستی لە لالیگادا شتێکی ئاساییە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە