کۆمان هیوای بە ریمۆنتادا نییە

17-02-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن رۆناڵد کۆمان ریمۆنتادا
A+ A-

رووداو دیجیتال

رۆناڵد کۆمان، راهێنەری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، بێزاریی خۆی لە دۆڕاندنی تیپەکەی بە پاریس سانجێرمانی فەرەنسی نیشاندا و گوتی "ریمۆنتادا زەحمەتە".

بارسێلۆنا لە یاری چوونی گەڕی 16ـی چامپیۆنزلیگدا، لەنێو کامپ نودا میوانداری پاریس سانجێرمانی کرد و جارێکی دیکە تووشی شکستێکی گەورەبوو، کاتێک 1 - 4 بە یانە فەرەنسییەکە دۆڕا، بەمەش یانە پاریسییەکە قاچێکی خستە قۆناخی 8ـی پاڵەوانێتییەکە.

رۆناڵد کۆمان، لەدوای یارییەکە بە رۆژنامەڤانانی گوت "پاریس بەسەرماندا سەرکەوت، چالاکییەکی زۆریان هەبوو، بەتایبەت کیلیان ئێمباپێ".

راهێنەری هۆڵەندی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە لە نیوەی یەکەمدا دوای ئەوەی گۆڵیان تۆمارکرد، دێمبێلی هەلێکی ئاسانی هەبوو بۆ ئەوەی گۆڵی دووەم تۆماربکات، بەڵام لەدەستی داوە و گوتی "لە نیوەی دووەمیشدا رووبەڕووی کێشەی بەرگری بووینەوە و یاریزانانی پاریس سانجێرمان بەسەرماندا باڵادەست بوون، لە سەرووی هەموویانەوە لە لایەنی جەستەیییەوە".

هەروەها، دانی بەوەدا نا کە یانە فەرەنسییەکە لەوان باشترە و گوتی "دەبێت دان بەوەدا بنێن کە ئەوان لە ئێمە باشتربوون، بەتایبەت لە نیوەی دووەمدا، تیپێکیان هەیە لە تیپەکەی ئێمە تەواوتر و بێ کەموکوڕیترە، دەبێت ئەوە قبوڵ بکەین و بەردەوام بین لە کارکردن بۆ باشتربوون، دەزانین کە دەتوانین ئەو کارە بکەین".

لەبارەی ئەگەرەکانی ئەنجامدانی ریمۆنتادا لە یاری گەڕانەوەدا لە پاریس؟ راهێنەری بارسا گوتی "دەبێت یاری بکەین، بەڵام دوای دۆڕاندنی یاری چوون بە 1 - 4 بژاردەی زۆر کەممان هەیە".

سەبارەت بە یاریکردن بە جیرارد پیکێش، کۆمان گوتی "دوای 3 مانگ لە پێکان، هیچ کات نازانیت کەی ساتی دروستە بۆ بەشداریپێکردنی یاریزان، بەڵام پیکێ هەستی بە باشی دەکرد، لە کاتی یارییەکەدا ناڕەحەت بوو، بۆیە گۆڕیمان، چونکە ناتوانی سەرکێشی پێ بکەی".

کۆمان لە کۆتاییدا گوتیشی "ئێمە لە رێگەداین بۆ گۆڕینی شتەکان، هەندێک شتمان لەبەردەستدا نییە بۆ ئەوەی ئاستێکی باشتر پێشکەش بکەین، بەتایبەت لە خولی یانە پاڵەوانەکاندا".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە