زەنگی مەترسی بۆ یانەکانی پرێمەرلیگ؛ گۆڵکارە تۆقێنەرەکە گەڕایەوە

17-01-2024
ئاسوودە پێشەوا
نیشانەکردن پرێمەرلیگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی برێنتفۆرد بە پلەی نۆیەم کۆتایی بە وەرزی رابردووی پرێمەرلیگ هێنا، کە ئەوە باشترین پلەیە یانە ئینگلیزییەکە لە مێژووی خۆیدا بەدەستی هێنابێت. یاریزانان و هاندەرانی یانەکە دڵخۆشن و ئاهەنگ دەگێڕن، بەڵام یاریزانێکی یانەکە دیار نییە و لە نێو ئاهەنگەکان نابینرێت، ئەو یاریزانە ئایڤن تۆنیی ئەستێرە و گۆڵکاری یانەکەبوو، کە لە 17-5-2023 بە تاوانی قومارکردن لەسەر یارییەکان بۆ ماوەی هەشت مانگ سزادرا. 
 
وەک بەشێک لە سزاکە، تۆنی بۆ ماوەی چوار مانگ رێگەی پێنەدرا تەنانەت بەشداری لە مەشقەکانی یانەکەشیدا بکات. یاریزانەکە لە هەڤپەیڤینێکدا باس لە سەختی ئەو کاتانە دەکات و دەڵێت "لە یەکێک لە قۆناخەکاندا، خۆشەویستیم بۆ تۆپی پێ لەدەستدا."
 
ئەمڕۆ 17-1-2024، بەفەرمی سزاکەی تەواو دەبێت و جارێکی دیکە ئایڤن تۆنی بە تۆپی پێ شاد دەبێتەوە، لە قۆناخێکدا کە برێنتفۆرد بە کاتێکی سەختدا تێپەڕدەبێت، بە 19 خاڵ پلەی 16ـی پرێمەرلیگی گرتووە و تەنیا سێ خاڵ لە ناوچەی دابەزینەوە دوورە.
 
تۆنی وەرزی رابردوو درەوشایەوە، لە پرێمەرلیگدا بەشداری لە 33 یاری کرد و توانی 20 گۆڵ و چوار ئاسیست بکات، وەک سێیەم گۆڵکاری خولەکە کۆتایی بە وەرزەکە هێنا. 
 
ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر تۆنییە، هەمووان دەیانەوێت بزانن ئایا ئەستێرەکەی برێنتفۆرد دەتوانێت دوای هەشت مانگ دوورکەوتنەوە لە تۆپی پێ، وەک هێرشبەرە کوشندەکەی وەرزی رابردوو کە گۆڵی لە یانە گەورەکانی ئینگلتەرا دەکرد بگەڕێتەوە و یانەکەی لەو دۆخە سەختە رزگار بکات؟
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە