ئاراوخۆ کێشە بۆ دی لێخت درووستدەکات

17-01-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
خواستی بایرن میونشن بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ رۆناڵد ئاراوخۆ، بەرگریکاری یانەی بارسێلۆنا کێشە لە نێو یانە باڤارییەکەدا دروست دەکات و ئەستێرەیەکی یانەکە دەیەوێت بایرن جێبهێڵێت.
 
فلۆریان پلێتێنبێرگ، رۆژنامەڤانی ئەڵمانی و نزیک لە یانەی بایرن میونشن رایگەیاند کە هەوڵەکانی بایرن بۆ گواستنەوەی ئاراوخۆ، ماتیاس دی لێخت، بەرگریکاری یانەکەی نیگەرانکردووە و هەرچەندە رۆشتنی یاریزانەکە لە گواستنەوەی زستانەدا ئەگەرێکی کراوە نییە، بەڵام لە هاویندا ئەستێرە هۆڵەندییەکە بابەتێکی گەرمی مێرکاتۆ دەبێت. 
 
تۆماس تۆخێلی راهێنەری بایرن، بەردەوام وەک یاریزانێكی سەرەکی پشت بە دی لیخت نابەستێت، سەرەڕای ئەوەش لە ماوەی رابردوودا یانە باڤارییەکە ئێریک دایەری بەرگریکاری پێشووی تۆتێنهامی گواستەوە ریزەکانی، ئەمەش ئەگەری رۆشتنی دی لێخت لە یانەکە زیاتر دەکات. 
 
پلێتێنبێرگ ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئێریک تێن هاگ، راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتد ئارەزووی گواستنەوەی دی لێخت دەکات و دەیەوێت جارێکی دیکە لەگەڵ ئەو یاریزانە یەکبگرنەوە، دوای ئەوەی لە یانەی ئایاکس ئەمستەردام پێکەوە بوون و سەردەمێکی زێڕینیان لە یانە هۆڵەندییەکەدا نووسییەوە.
 
دی لێخت، ساڵی 2022 بە بڕی 67 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی یوڤێنتۆسەوە پەیوەندی بە بایرن میونشەوە کرد و گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە باڤارییەکە ساڵی 2027 کۆتایی دێت، نرخی یاریزانەکە لە بازاڕی گواستنەوەدا بە 65 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێنرێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە