کیلیان ئێمباپێ پشکنینە پزیشکییەکانی ریال مەدریدی تێپەڕاند

16-07-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ریال مەدرید کیلیان ئێمباپێ

شرۆڤە

A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسا پشکنینە پزیشکییەکانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، تێپەڕاند و بڕیارە کاژێر یەکی نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، پێشکێشی هاندەرانی ئەو یانەیە بکرێت.
 
ئێمباپێ، دوای کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، پەیوەندی بەریال مەدریدەوە کرد. یانەی ریال مەدرید، پێش دەستپێکردنی رکابەرییەکانی یۆرۆی 2024 ئاشکرایکرد ئێمباپێ پەیوەندی بەیانەکەوە دەکات و درێسی ژمارە 9 دەپۆشێت.
 
ئێمباپێ کەمێک بەر لە ئێستا لە نۆڕینگەی سانیتاسی تایبەت بەریال مەدرید دەرکەوت و پاش ئەنجامدانی پشکنینەکان، بەرەو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێکەوت.
 
بڕیارە لە نێو یاریگەی یانەکەدا، ریال مەدرید ئاهەنگێکی گەورەی پێشوازی و ناساندن بۆ ئەستێرە فەرەنسییەکە ئەنجام بدات.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، پزیشکانی ریال مەدرید هەر ئەمڕۆ دەستنیشانی دەکەن ئایا کیلیان پێویستی بەئەنجامدانی نەشتەرگەری لووت هەیە یان نا، پاشئەوەی لە یۆرۆی 2024 لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا لووتی شکا.
 
لە دوای هاتنە دەرەوەی لە نۆڕینگە، ئێمباپێ لە وەڵامی هاندەرێکی ریال مەدریددا کە لێی پرسیبوو "خەونەکەت بەهاتنە ریال مەدرید بووە راستی؟". وتبووی "بێگومان بەدڵنیاییەوە".
 
چیرۆکی پەیوەندیکردنی ئێمباپێ بە ریال مەدرید، زۆری خایاند، ئەو یاریزانە کە خەونی بەچوونە یانە ئیسپانییەکەوە دەبینی، بەهۆی پێداگیری سانجێرمان لەسەر رێگەنەدان بەڕۆیشتن لە یانەکە، دووچاری بەرکەوتن و ناکۆکی بووەوە لەگەڵ بەرپرسانی سانجێرمان.
 
پێشبینیکراوە ئەمڕۆ لە رێوڕەسمی ناساندنی ئێمباپێدا، زیاتر لە 80 هەزار هاندەر لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئامادەبن بۆ ناساندنی ئێمباپێ وەک یاریزانی ریال مەدرید.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە