خاوەنی نوێی مان یونایتد: من بۆ پارە پەیداکردن لێرە نیم

16-01-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سێر جیم راتکلیف، خاوەنی 25٪ـی پشکەکانی یانەی مانچێستەر یونایتد و سەرپەرشتیاری کاروباری پەیوەست بە تۆپی پێ لە یانەکە، هەرزوو خۆشەویستی هاندەرانی یانەکەی بەدەستدەهێنێت و دەڵێت "من نەهاتوومەتە ئێرە بۆ ئەوەی پارە پەیدا بکەم."
 
خێزانی گلەیزەرس لە ساڵی 2005 بوونە خاوەنی یانەی مانچێستەر یونایتد، لەو کاتەوە زیاتر لە ملیارێک پاوەندیان لە یانەکە دەرهێناوە. بەشێکی زۆری هاندەرانی مانچێستەر یونایتد لە خاوەنی یانەکەیان تووڕەن و بە هۆکارێکی سەرەکی ئەو دۆخە خراپەی دادەنێن کە یانە ئینگلیزییەکە پێیدا تێپەڕدەبێت. 
 
کۆبوونەوەیەک لەنێوان راتکلیف و دەستەی هاندەرانی مانچێستەر یونایتد رێکخرا کە تێیدا چەندین بابەتی گرنگ باسکرا و دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە دەستەی هاندەرانی یانەکە رایانگەیاند "پەیامی راتکلیف ئەوەبوو کە هەموو شتێک لە مانچێستەر یونایتد دەبێت لەپێناو ئەوەدابێت کە تیپێک دروستبکرێت لە یاریگەدا بردنەوە بەدەستبهێنێت."
 
یەکێک لە نوێنەرانی دەستەکە دەڵێت "لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا راتکلیف گوتی 'با لەلاتان روونبێت کە من بۆچی لێرەم، من نەهاتوومەتە ئێرە بۆ ئەوەی پارە پەیدا بکەم، من خۆم پارەیەکی زۆر لە کارەکانی دیکەم بەدەستدەهێنم و پێویستم پێی نییە."
 
نوێنەرەکە زیاتر دەڵێت "هیچ کام لە خاوەنەکانی مانچێستەر یونایتد لە مێژوودا پارەی لە یانەکە خەرج نەکردووە، بەڵام هەست دەکەم راتکلیف ئەم یانەیە وەک منداڵی خۆی سەیردەکات. خێزانی گلەیزەرس ماوەی 18 ساڵە لەم یانەیەن، کەچی راتکلیف تەنیا بە یەک رۆژ توانی پەیوەندییەکی بەهێزتر لەگەڵ هاندەراندا درووستبکات". 
 
چاوەڕوانییەکان بۆ راتکلیف زۆرن، ملیاردێرە بەریتانییەکە بڕی 237 ملیۆن پاوەندی بۆ نۆژەنکردنەوەی ئۆڵدترافۆرد و کارینگتن تەرخانکردووە، هاندەرانی یانەکە هیوای ئەوە دەخوازن هاتنی راتکلیف یەکەم هەنگاوی هەڵسانەوەی مانچێستەر یونایتد بێت و جارێکی دیکە یانەکە بگەڕێتەوە سەردەمی چنینەوەی نازناوەکان. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە