ئینزاگی: یارییەکەمان بەرامبەر میلان لە گرنگترین یارییەکانی مێژوو دەبێت

15-05-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن سیمۆنی ئینزاگی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سیمۆنی ئینزاگی، راهێنەری یانەی ئینتەرمیلان دەڵێت "یارییەکەی رۆژی سێشەممەی بەرامبەر میلان لە چامپیۆنزلیگ یەکێک لە یارییە مێژووییەکانی هەردوو یانە دەبێت."
 
ئینزاگی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە گوتی "من وەک راهێنەر بەهەمان شێوە مامەڵە لەگەڵ هەموو یارییەک دەکەم، ئێمە دەزانین یارییەکە سبەی لە گرنگترین یارییەکانی مێژووە بۆ نیرازۆری."
 
راهێنەری ئینتەرمیلان دەڵێت "دەزانین ئێمە هەلێکی باشترمان لەبەردەمە، بەڵام دەبێت بەشێوازی ئینتەرمیلان یاریی بکەین، چونکە ئێمە خاوەنی تیپێکی بەهێزین."
 
ئینزاگی بە رۆژنامەڤانانی گوت "کاتێک تیروپشکی چامپیۆنزلیگ ئەنجامدرا، لە مانگی ئابی رابردوو هەندێک بێهیوایی هەبوو، بەڵام لە هەمان کاتدا بەختمان هەبوو، ئەو کاتە بە ستافی هونەری و یاریزانەکانم گوت، تەنانەت بارسێلۆنا و بایرن میونشنیش دڵخۆش نین کە ئێمە لە کۆمەڵەی ئەوان یارییدەکەین، سبەی دڵخۆش دەبن و هەنگاوێکی گرنگ دەبێت."
 
راهێنەری یانە ئیتاڵییەکە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دووپاتیکردەوە کە 90 خولەکیان ماوە بۆ ئەوەی بە خەونەکەیان بگەن، بە توانای ئەو یاریزانانەی کە یانەکەیان گەیاندە یاریی کۆتایی جامی ئیتاڵیا، لەگەڵ ئەوەی کە لە ماوەی بەڕێوەچوونی مۆندیالدا ژمارەیەکی کەمی یاریزانمان لەبەردەستبوو، بەڵام کارێکی زۆرباشمان کردووە.
 
یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ لەنێوان هەردوو یانەی ئەیسی میلان و ئینتەرمیلان بە 0-2 بۆ ئینتەر کۆتاییهاتووە، شەوی سێشەممە کاژێر 22:00 یاریی گەڕانەوە بەڕێوەدەچێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە