بۆچی بایرن میونشن جەلادەکەی خۆی رەتکردەوە؟

15-04-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن بایرن میونشن رۆدری
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی بەر لە چوار ساڵ، شکستیهێناوە لە گرێبەستکردن لەگەڵ رۆدری و ئەوکاتیش هۆکارەکە، یانەیەکی دیکە بووە.
 
رۆدری، لە رووبەڕووبوونەوەی نێوان مانچێستەر سیتی و بایرن میونشن لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ، گۆڵێکی ناوازەی لە بایرن تۆمارکرد، میدیای ئینگلتەرا ئەو یاریزانەیان ناونا، جەلادەکەی بایرن. پاشئەوەی گۆڵەکەی رۆدری رێگەخۆشکەربوو بۆ سەرکەوتنی گەورەی سیتی لە یارییەکەدا بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێبەرامبەر.
 
ماڵپەری 'سپۆرت 1' ئاشکرایکردووە ساڵی 2019 حەسەن ساڵح حەمیدزیچ، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بایرن میونشن، لەگەڵ مارکۆ نیپ، پلاندانەری تیپەکە، نزیکبوون لەوەی رۆدری ببەنە یانە باڤارییەکە و گرێبەستی لەگەڵدا بکەن.
 
ئەو ماڵپەرە دەڵێ، حەمیدزیچ و نیپ، چاودێریی ئەو یاریزانە ئیسپانییەیان کردووە و گفتوگۆیان لەگەڵداکردووە و بەنیازبوون بیبەنە بایرن میونشن.
 
ماڵپەرەکە هەروەها دەڵێ، ئەوەی دووپات لە راستیی ئەو ویستەی بایرن دەکات، ئەو پەیوەندی و خۆشەویستییەیە کە لە نێوان رۆدری و نیپدا هەیە و هاوینی رابردوو کاتێک لە گەشتی ئامادەسازیی وەرزی نوێدا لە ئەمریکا یەکدییان بینیووە، بەتووندی باوەشیان بەیەکدا کردووە.
 
ماڵپەرەکە لە کۆتاییدا گوتوویەتی، "بایرن بڕیاری خۆیدابوو بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ رۆدری، بەڵام هاتنەسەرهێڵی سیتی و دانوستاندن لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدرید، کە ئەوکات رۆدری یاریی بۆ دەکرد، بەتایبەت کە پێپ گواردیۆلای راهێنەری سیتی، ویستی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ رۆدری پێشاندابوو، هۆکاربوون بۆ ئەوەی ئەو یاریزانە لە بایرن دووربکەوێتەوە و روو لە سیتی بکات".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە