نادال دەبێتە سەرۆکی ریال مەدرید؟

15-02-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رافایێل نادال، تێنسزانی بەنێوبانگی ئیسپانی، باسی گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید و وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی یانەکە دەکات.  
 
تێنسزانە ئیسپانییەکە لە لێدوانێکی بۆ رادیۆی کۆپی ئیسپانی دەڵێت "دڵخۆشم بە ریال مەدرید، ئەوان خاوەنی تیپێکی سوپەرن."
 
دواتر نادال لەبارەی کیلیان ئێمباپێوە پرسیاری لێدەکرێت، کە ماوەی چەندین ساڵە پەیوەندیکردنی ئەستێرە فەرەنسییەکە بە ریال مەدریدەوە میدیاکانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە، لەو بارەیەوە دەڵێت "لەگەڵ ئێمباپێ ریال مەدرید تەنانەت لە ئێستاش باشتر دەبێت، ئەگەر بەدەست من بێت ئەو یاریزانەم دەگواستەوە ریال مەدرید."
 
نادال لە پرسیاری ئەوەی کە ئایا لە نێوان بێلینگهام و ڤینیسیۆس جونیۆر کامیان هەڵدەبژێرێت، دەڵێت "من هەڵبژاردن ناکەم، ئەوان هەردووکیان زۆر باشن و خاوەن عەقڵییەتێکی جیاوازن. پێموایە ڤینیسیۆس یاریزانێکی ناوازەیە. بێلینگهام کە تەمەنی تەنیا 20 ساڵە، لەو کاتەوەی هاتووەتە ریال مەدرید ئاستێکی باوەڕپێنەکراوی پێشکێش کردووە."
 
ئەستێرە ئیسپانییە لەبارەی فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید قسە دەکات و دەڵێت "پێرێز کارێکی ناوازە ئەنجامدەدات. هەر لە مامەڵەکردنی لەگەڵ کاتێکی سەختی وەک بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و رکابەریکردن لەگەڵ ئەو یانانەی کە پاڵپشتییەکی دارایی بێسنوور دەکرێن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ یاریزانە لاوەکان، باوەڕناکەم هیچ کەسێک بیتوانیبایە کارێکی باشتر ئەنجامبدات."
 
نادال لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت "من تاوەکو مردن هاندەری ئەو یانەیەم، بەڵام بوون بە سەرۆکی ریال مەدرید لە پلانەکانی ئێستامدا نییە."
 
رافایێل نادال، ئەستێرەی بەنێبوبانگی ئیسپانیا لەگەڵ ئەوەی ئەفسانەیەکی مێژوویی یاریی تێنسە خاوەنی دەیان نازناوی جیاوازە هاندەرێکی سەرسەختی تۆپی پێشە و پەیوەندییەکی زۆر بەهێزی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید هەیە و لە چەندین یاری ئەو یانەیەشدا لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ و یاریگە جیاوازەکانی دیکەش ئامادەدەبێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە