بە هاوکاریی رۆناڵدۆ.. یانەی نەسڕ گفتوگۆ لەگەڵ دوو راهێنەری گەورە دەکات

14-04-2023
سه‌فین ته‌ها @safintaha
نیشانەکردن Cristiano Ronaldo jose mourinho zinadine zidane کریستیانۆ رۆناڵدۆ جۆزێ مۆرینیۆ زینەدین زیدان یانەی نەسڕ خولی سعودیە سعودیە رودی گارسیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی رودی گارسیا، راهێنەری فەرەنسی لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، ئێستا شوینگرەوەی ئەو راهێنەرەی پێشووی یانەی نەسڕ مشتومڕی زۆری لەسەر دەکرێت و چەند ناوێکی گەورە بۆ ئەو پۆستە بەربژێرن. 
 
یانەی نەسڕی سعودی بەنیازە سوپرازێکی گەورە بکات و یەکێک لە ناوە دیارەکانی جیهانی راهێنەرایەتی بکاتە راهێنەری تیپەکەی بۆ ئەوەش هەریەکە لە جۆزێ مۆرینیۆ پۆرتوگالی و زینەدین زیدانی فەرەنسی دیاریکردووە تاوەکو یەکێکیان ئەو پۆستە وەربگرێت. 
 
میدیای سعودیە و میدیای ئەوروپاش لەسەر ئەوە کۆکن کە کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی و ئەستێرەی یانەی نەسڕ، داوای لە کارگێڕیی یانەکەی کردووە کە هەوڵبدەن گرێبەست لەگەڵ جۆزێ مۆرینیۆی پۆرتوگالی یانیش زینەدین زیدانی فەرەنسی بکەن. 
 
ئەوەشیان ئاشکراکردووە کە کریستیانۆ هاوکاریی یانەی نەسڕ دەکات تاوەکو گفتوگۆکان لەگەڵ ئەو دوو راهێنەرە دەستپێبکەن و لە کۆتایی یەکێکیان رازیبکەن تاوەکو شوێنی رودی گارسیای فەرەنسی بگرێتەوە. 
 
بەپێی هەواڵی میدیاکان، یانەی نەسڕ بە سەرزارەکی دەستەوارەیان پێشکێشی زینەدین زیدان کردووە، رۆناڵدۆش بەشداری لە گفتوگۆکاندا کردووە بۆ رازیکردنی ئەو راهێنەرە فەرەنسییە تاوەکو بچێتە ریاز. 
 
تاوەکو ئیستا هەڵوێستی زیدان سەبارەت بە وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتیی یانەی نەسڕ روون نییە، بەڵام ئەوە دەرکەوتووە کە زیزۆ دەیەوێ هەندێک کاتی پێبدرێت تاوەکو بیر لە پڕۆژەکە بکاتەوە و هەڵسەنگاندن بۆ دەستەوارەکە بکات. 
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان جەخت لەوەدەکەنەوە کە خەونی گەورەی زینەدین زیدان، وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتیی هەڵبژاردەی فەرەنسایە، بەڵام ئەو خەونە لەگۆڕنرا دوای ئەوەی گرێبەستی دیدێ دیشامپ نوێکرایەوە تاوەکو ساڵی 2026، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک یانەی دیکەی گەورەی ئەوروپا بۆ زیدان لەسەرهێڵن وەک چێڵسی و ریال مەدرید و پاریس سانجێرمان.
 
هەرچی سەبارەت بە مۆرینیۆشە، ئەو ئێستا لەگەڵ یانەی رۆما لە دۆخێکی زۆر هەستیاردایە، یانەکەی لە پلەی سێیەمی ریزبەندیی خولی ئیتاڵیدایە و نزیکە لە گەیشتن بە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، کە ئەمە ئامانجی یانەکە و راهێنەرەکەش بووە، هەروەها لەبەردەم پاڵەوانێتییەکی وەک یۆرۆپالیگدایە کە لە قۆناخی هەشتی خولەکەدان و یاریی چوونیان بە یانەی فاینۆرد دۆڕاندووە بە ئەنجامی 1-0. 
 
یانە سعودییەکە لەسەر ماڵپەری فەرمی خۆی دوورخستنەوەی راهێنەرەکەی راگەیاند و نووسیوویەتی "یانەی نەسڕ رایدەگەیێنێت کە رودی گارسیا بە رێککەوتنی هەردوولا لە پۆستەکەی دوورخرایەوە."
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، یانەی نەسڕ لە بەرامبەر دوورخستنەوەی رودی گارسیا، لە راهێنەرایەتی یانەکە 15 ملیۆن ریالی سعودی وەک قەرەبوو دەداتە ئەو راهێنەرە فەرەنسییە.
 
ئێستا دینکۆ یێلیچیچ، راهێنەری کرواتی و تیپی لاوانی یانەی نەسڕ بەشێوەیەکی کاتی راهێنەرایەتی تیپی یەکەمی یانەکەی وەرگرتووە و لە یاریی بەرامبەر هیلال لە رۆژی 18ـی ئەم مانگە ئەو راهێنەرایەتی تیپەکە دەکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە