پرۆمس دەستگیرکرا و سزایەکی قوورس چاوەڕێی دەکات

14-03-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کوینسی پرۆمس، هێرشبەری یانەی سپارتاک مۆسکۆی رووسی، لە شاری دووبەی دەستگیرکرا، دوای ئەوەی مانگی رابردوو دادگایەکی هۆڵەندا سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرکرد. 
 
پرۆمس لە کاروانێکی بەقاچاخبردنی مادەی هۆشبەر تێوەگلاوە کە لە کانوونی دووەمی ساڵی 2020 ویستوویەتی زیاتر لە 1350 کیلۆ مادەی کۆکاین لە وڵاتی بەرازیلەوە بگوازێتەوە، بەڵام لە شاری ئانتوێرپی وڵاتی بەلجیکا دەستی بەسەردا گیراوە و رێگری لێکراوە، بەوهۆیەوە دادگایەکی ئەمستەردام سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بۆ پرۆمس دەرکرد، بەڵام یاریزانەکە رەتی کردەوە بگەڕێتەوە هۆڵەندا و لە رووسیا مایەوە. 
 
پرۆمس لە شاری دووبەی دەبینرێت و راستەوخۆ دەستگیردەکرێت، هۆڵەنداش داوای دیپۆرتکردنەوەی یاریزانەکە دەکەن بۆ وڵاتەکەیان، فەرمانگەی داواکاری گشتی ئەمستردام دەڵێت "کەسە دەستگیرکراوەکە لە شوێنێکی شاهانە لە شاری دوبەی دەمایەوە، بەڵام بەهەوڵی دەسەڵاتدارانی هەردوو وڵاتەوە دەستگیرکرا."
 
ئەمە لە کاتێکدایە، کە جگە لەو شەش ساڵ زیندانیکردنەی بۆی دەرچووە، هێرشبەرەکەی سپارتاک مۆسکۆ بەهۆی ئەوەی چەقۆی لە ئەژنۆی ئەندامێکی خێزانەکەی دابوو، بە ساڵێک و شەش مانگ زیندانیکردن سزادرابوو، بەڵام بەهەمانشێوە بەشداری دادگاییکردنەکەی نەکرد و نەگەڕایەوە هۆڵەندا. 
 
پرۆمس لە ساڵی 2021 لە یانەی ئایاکس ئەمستەردامی هۆڵەندییەوە پەیوەندی بە سپارتاک مۆسکۆوە کرد، لەم وەرزەدا لەگەڵ یانەکەی بەشداری لە 21 یاریدا کردووە، هەشت گۆڵ و هەشت ئاسیستیشی هەیە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە