کێشەکان یەخەی ئێڤێرتن بەرنادەن.. ئەگەری هەیە 9 خاڵی دیکەی لێکەمبکەنەوە

13-12-2023
ئاسوودە پێشەوا
نیشانەکردن ئێڤێرتن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەواڵە ناخۆشەکان بۆ ئێڤەرتن بەردەوامن و یانەکە دوای ئەوەی بەهۆی شکاندنی یاساکانی یاریی خاوێنەوە 10 خاڵی لە پرێمەرلیگدا لێکەمکرایەوە، ئێستا کێشەی لە گۆڕینی خاوەنەکەی هەیە و ئەگەر بەزوویی چارەسەر نەکرێت یانەکە نۆ خاڵی دیکەی لێکەمدەکرێتەوە. 
 
سندوقی وەبەرهێنانی 777، کە سندوقێکی کەرتی تایبەتی ئەمریکییە و دەیانەوێت یانەی ئێڤەرتن بکڕن، لەلایەن پرێمەرلیگەوە پێیان راگەیێنراوە کە پرۆسەی وەرگرتنی خاوەندارێتی یانەکە پێش سەری ساڵ تەواو نابێت و ئەمەش مەترسی ئەوە دێنێتە ئاراوە کە بەڕێوبەرێک لەلایەن دادگەوە دیاریبکرێت بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەکی کاتی یانەکە بەڕێوەببات، کە ئەگەر ئەمە رووبدات یانەکە تووشی سزای قورسدەبێتەوە و نۆ خاڵی لێکەمدەکرێتەوە.
 
لە مانگی نۆی ئەمساڵدا، سندوقی 777 لەسەر کڕینی یانەکە لەگەڵ فەرهاد مۆشیری خاوەنی ئێستای ئێڤەرتن رێکەوت و لەو کاتەوە بڕی 100 ملیۆن پاوەندی وەك قەرز بە یانەکە داوە بۆ ئەوەی لە کارکردن و بەڕێوەبردنی یانەکەدا خەرجبکرێت، بەڵام سندوقەکە بە مەرجێك ئەم قەرزەی بە یانەکە داوە کە پێش سەری ساڵ پرۆسەی وەرگرتنی خاوەندارێتی یانەکە وەربگرێت و رایگەیاندووە کە لە دوای ساڵی نوێوە چیدیکە پارە بۆ ئێڤەرتن نانێرێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە فەرهاد مۆشیریش ناردنی پارەی بۆ یانەکە راگرتووە و ئەگەر دوای سەری ساڵ پرۆسەی گۆڕینی خاوەندارێتی یانەکە تەواونەبێت ئێڤەرتن تووشی کێشەی گەورە دەبێتەوە.
 
یانەکە مانگانە جگە لەو پارە جێگیرەی کە بەدەستی دەهێنێت، پێویستی بەوەیە 20 ملیۆن پاوەندی زیادە کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی لە مووچەی کارمەند و بەڕێوەبردنی یانەکەدا خەرجی بکات، کە تاوەکو ئەم مانگە ئەو بڕە پارەیە لەلایەن سندوقە ئەمریکییەکەوە بۆ یانەکە دەنێردرا. 
 
سندوقی 777 بڕی شەش ملیار پاوەند وەبەرهێنانیان لەژێر دەستە، پرێمەرلیگیش دەیەوێت لە راستی و درووستی ئەو بڕە پارەیەی سندوقەکە بکۆڵێتەوە و دڵنیابێت کە لە رووی یاساییەوە هیچ کێشەیەکی نییە، بەڵام سندوقەکە لە زیاتر 60 کۆمپانیا پێکدێت کە لە چەندین بواری جیاواز جیاوازی وەك فڕۆکەوانی، بیمە و وەرزش کاردەکەن و ئەمەش کارەکەی لە پرێمەرلیگ قورس کردووە و وایکردووە پرۆسەی لێکۆڵینەوەکە درێژە بکێشێت و پێشبینی دەکرێت تاوەکو ساڵی تازە تەواونەبێت.
 
ئەگەر سندوقی 777 پێش کۆتایی ئەمساڵ خاوەندارێتی ئێڤەرتن وەرنەگرێت، پێشبینی دەکرێت یانەکە نۆ خاڵی لێکەمبکرێتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە هەر لە وەرزی ئەمساڵدا یانەکە بەهۆی شکاندنی یاساکانی یاریی خاوێنەوە بڕی 10 خاڵی لێکەمکرایەوە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە