رووداو دیجیتاڵ
لە چەند رۆژی رابردوودا، یانەی مانچێستەر سیتی گۆڕانکارییەکی گەورەی لە پەیکەری کارگێڕیی خۆیدا ئەنجامدا، بەگۆڕینی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە.
هۆگۆ ڤیانا، بەڕێوەبەری نوێی وەرزشیی دەبێت لە یانەی مانچێستەر سیتی و لە وەرزی داهاتووەوە لە شوێنی تیکسیکی بێرگیستینی بەڕێوەبەری وەرزشیی ئێستای یانەکە دەستبەکاردەبێت.
ڤیانا لەکارە نوێیەکەیدا پشت بەئەزموونێکی بەرچاو دەبەستێت کە لەگەڵ سپۆرتینگ لیسبۆنای پۆرتوگالی بەدەستیهێناوە، پاشئەوەی ژمارەیەکی بەرچاو یاریزانی بەنرخی زۆر کەم کڕی و دواتر بە پارەی خەیاڵیی فرۆشتنیەوە.
کارەکانی ڤیانا لە ماوەی کەمی کارکردنی لەگەڵ یانە پۆرتوگالییەکە، وایکردووە ئەو جێگەی سەرنجی هەمووان بێت، ئەو کەسەبێت کە پێی دەگوترێ، دەستەکانی خۆڵ دەکەن بەزێڕ.
ڤیانای 43 ساڵ، پێشتر یاریزانی نیوکاسڵ، ڤالێنسیا، شەباب و ئەهلیی ئیماراتی بووە، هاوینی داهاتوو لە پۆستە نوێیەکەی لە یانەی مانچێستەر سیتی دەستبەکاردەبێت.
ڤیانا کە لە 2018ەوە لەگەڵ سپۆرتینگ دەستیبەکارکردووە، چەندین یاریزانی بۆ یانەکە کڕی، دیارترینیان رافینیای بەرازیلی کە لە یانەی ڤیتۆریا گیمارایشەوە بە 5.5 ملیۆن یۆرۆ کڕییەوە و دوای ساڵێک فرۆشتییەوە بە رێنی فەرەنسی بە 17.5 ملیۆن یۆرۆ.
ڤیانا کە سەرەتاکانی یارییکردنی لە یانەی سپۆرتینگ لیسبۆنا بووە و 26 یاریی بۆ ئەو یانەیە وەک یاریزان ئەنجامداوە، ئەنجامدەری گرێبەستی پیدرۆ بۆرۆی ئیسپانی بوو بە 7.5 ملیۆن یۆرۆ و پاش ساڵێک فرۆشتییەوە بە تۆتێنهام بە 33.5 ملیۆن یۆرۆ. لە کاتێکدا مۆرتن هۆلماندی دانیمارکی بە 16 ملیۆن یۆرۆ گرێبەستەکەی کڕییەوە لە یانەی لیچیی ئیتاڵی و ئێستا نرخی ئەو یاریزانە لە بازاڕدا 33.5 ملیۆن یۆرۆیە.
یاریزانێکی دیکەی ڤیانا کە ئێستا یانەکانی ئینگلتەرا هەوڵی زۆر بۆ بەدەستهێنانی دەدەن، عوسمان دیوماندی یاریزانی سپۆرتینگ لیسبۆنایە کە لە میتیلاندی دانیمارکییەوە بە شەش ملیۆن یۆرۆ کڕییەوە، بەڵام ئێستا لەبازاڕدا نرخەکەی 33 ملیۆن یۆرۆیە.
ڤیانا هەروەها بڕی 6.5 ملیۆن یۆرۆیدا بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ مانوێل ئۆگارتی، بەڵام پاش دوو ساڵ فرۆشتییەوە بەپاریس سانجێرمان بە 60 ملیۆن یۆرۆ.
هەرچی ڤیکتۆر یۆرکیرێسی هێرشبەری سوێدییە، بەیەکێک لە دیاترین دۆزینەوەکانی ڤیانا دادەنرێت کە ساڵی رابردوو روویکردە سپۆرتینگ لیسبۆنا بەرامبەر 20 ملیۆن یۆرۆ، بەڵام ئێستا لە بازاڕدا نرخەکەی 70 ملیۆن یۆرۆیە.
بێرگیستینی بەڕێوەبەری وەرزشیی ئێستای یانەکە، بەهاوڕێی نزیکی پێپ گواردیۆلای راهێنەری یانەکە دادەنرێت، لە 2012ەوە لە پۆستەکەی بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ