کۆپا ئەمریکا دەستپێدەکات.. لاتینەکان لەبەردەم کۆرۆنادا خۆیان بەدەستەوە نادەن

13-06-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کۆپا ئەمریکای 2021 بەرازیل
A+ A-

رووداو دیجیتال

پاڵەوانێتی کۆپا ئەمریکای 2021 ئەمشەو لە بەرازیل، لەو وڵاتە دەکرێتەوە کە تاوەکو ئێستا بەشێوەیەکی زۆر مەترسیدار بەدەست کاریگەری ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەناڵێنێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پسپۆران دووپاتیدەکەنەوە کە ئەو وڵاتە لە چاوەڕوانی هاتنی شەپۆلێکی نوێی ڤایرۆسەکەدایە لە رۆژانی داهاتوودا.

یاریگەی مانی گارینچا لە بەرازیلیا میوانداریی یاریی کردنەوەی ئەو پاڵەوانێتییە دەکات، کە هەڵبژاردەی بەرازیل لەگەڵ هاوتا ڤێنزویلاکەی کۆدەکاتەوە، کۆتایی بەو مشتومڕە دەهێنێت کە ئایا ئەو پاڵەوانێتییە بەرێوەدەچێت یان نا، هەروەها داخستنی دۆسییەکانی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان لەبەردەم دادگای باڵای ئەو وڵاتەدا، کە داوایان دەکرد وڵاتی سامبا میوانداری کۆنترین پاڵەوانێتی تۆپی پێ لەسەر ئاستی هەڵبژاردەکان نەکات.

 دادگای باڵا

دادگای باڵای بەرازیل رەزامەندی خۆی لەسەر ئەنجامدانی ئەو پاڵەوانێتییە لە بەرازیل راگەیاند، سەرەڕای داواکاری لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ میواندارینەکردنی ئەو پاڵەوانێتییە بەهۆی بارودۆخی ئێستای کۆرۆنا لەو وڵاتە، کە تاوەکو ئێستا لە بەرازیل زیاتر لەنێو ملیۆن کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، فیدراسیۆنی تۆپی پێی باشووری ئەمریکا (کۆنمیبۆل) زۆرترین رەخنەی لە یاریزانانی هەڵبژاردەکانەوە و بەتایبەت هەڵبژاردەی خانەخوێیەوە لێگیراوە، بەهۆی ئەوەی کە سووربوو لەسەر بەڕێوەچوونی ئەو پاڵەوانێتییە کە ساڵی رابردوو دواخرا، سەرەڕای ئەوەی ئەرجەنتین و کۆڵۆمبیا رێکیان نەخست، ئەمەش بەهۆی قەیرانی ناوخۆییەوە.

کۆڵۆمبیا داوای کردبوو کە ئەو پاڵەوانێتییە بەهۆی شەپۆلێکی ناڕەزایی و خۆپیشاندانەوە دوابخرێت، بەڵام داواکەی لەلایەن فیدراسیۆنی کیشوەرییەوە رەتکرایەوە، ئەرجەنتینیش  دووپاتیکردەوە کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بارودۆخەکە لەناوخۆی وڵاتدا بەرەو خراپتر دەچێت و داوایکرد پاڵەوانێتییەکە ئێستا ئەنجام نەدرێت، بەڵام کۆنمیبۆڵ بەرازیلی دەستنیشانکرد بۆ رێکخستنی ئەو پاڵەوانێتییە، سەرەڕای ئەوەی کە بەدەست ئەو پەتایەوە ئازار و مەینەتی زیاتر دەچێژێت، بەراورد بە کۆلۆمبیا و ئەرجەنتین.

مارسێلۆ کیرۆجا، وەزیری تەندروستی بەرازیل پەیامی دڵنیایی بۆ بەشداربووانی پاڵەوانێتییەکە نارد و تێیدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە میوانداریکردنی ئەو پاڵەوانێتییە مەترسی زیادەی نابێت و ئەو وڵاتە میوانداری خولەکانی دیکەی تۆپی پێ دەکات، لەوانەش هەندێک یاریی جامی کوبا لیبێرتادۆرس، سودئەمیریکانا و پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەر.

قەیرانی ناوخۆیی

مشتومڕی ئەم پاڵەوانێتییە کیشوەریییە بووەتە هۆی قەیرانێک لەنێو هەڵبژاردەی بەرازیلدا کە لەگەڵ هەڵبژاردەکانی دیکە کۆبوونەوە و دانوستاندنی کرد، بۆ تاوتوێکردنی ئەگەری بەشدارینەکردنیان لە پاڵەوانێتییەکەدا، پێش ئەوەی بارودۆخەکە بەشێوەیەکی کاتی هێورببێتەوە، تیپەکەش بڕیاریدا بەشداری لە کۆپا ئەمریکادا بکات، بەڵام لەگەڵ بوونی گلەیی و رەخنەیەکی زۆر لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەمریکای باشوور.

سەرکردەکانی هەڵبژاردەی بەرازیلی بەشدار لە کۆپا ئەمریکا رەخنە و دژایەتی خۆیان بۆ رێکخەرانی پاڵەوانێتییەکە و کۆنمیبۆڵ نیشاندا، بەڵام هاوکات رەتیانکردەوە دەستبەرداری تیپەکەیان ببن لەو کاتەدا کە پێویستی پێیانە، بۆیە دواجار تیپەکە بەسەرجەم ئەستێرەکانیەوە بەشداری دەکات.

کشانەوەی سپۆنسەرەکان

هەموو ئەم قەیرانانە کۆتاییان پێنەهات، بەڵکو درێژەی کێشا بۆ زیانە ئابوورییەکان، دوای ئەوەی 3 لە گرنگترین سپۆنسەرەکانی پاڵەوانێتییەکە، ماستەرکارد، مبیڤ و دیاجیۆ، چونکە کۆمپانیاکان نەیانویست ناویان پەیوەست بێت بە پاڵەوانێتییەکی مشتومڕهێنەر، یان تۆمەتبارکردن بەپشتگیریکردنی بیرۆکەی ئەنجامدانی یارییەکان سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تەواوی کیشوەری ئەمریکای باشووردا.

هەرچۆنێک بێت لە کەشێکی پڕ لە گرژیدا، ئەو تیپانەی بەشداری لە کۆپا ئەمریکادا دەکەن، هەوڵی تەواوی خۆیان دەدەن، لە گەڕان بەدوای دەستکەوتێکی کیشوەریدا کە خۆشی بۆ هەوادارەکانیان دەگەڕێنێتەوە، لە کەشێکی خەمناکدا کە ڤایرۆسێک کەشێکی سەپاندووە کە ماوەیەکە جیهان بە دەست کاریگەرییە نەرێنییەکانییەوە دەناڵێنێت.

 2 کۆمەڵە

10 هەڵبژاردەی کیشوەرەکە بەشداری لەم پاڵەوانێتییەدا دەکەن، کە بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەشکراون و لە هەر کۆمەڵەیەکدا 4 تیپ سەردەکەون و دەگەنە قۆناخی 8. دوو کۆمەڵەکە بەمشێوەیەن:

کۆمەڵەی یەکەم: ئەرجەنتین، بۆلیڤیا، چیلی، پاراگوای و ئۆرۆگوای 
کۆمەڵەی دووەم: بەرازیل، کۆڵۆمبیا، ئیکوادۆر، پیرۆ و ڤێنزوێلا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە