ریال مەدرید گرێبەستی ئەستێرەیەکی نوێدەکاتەوە

13-05-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی گرێبەستی ئەستێرەیەکی یانەکەی نوێدەکاتەوە. 
 
بەپێی ماڵپەڕی رێلێڤیۆی ئیسپانی، لۆس بلانکۆس لەگەڵ ئاندرێ لونینی گۆڵپارێز لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی گەیشتوونەتە رێککەوتن و پێشبینی دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا بەفەرمی گرێبەستەکە رابگەیێنرێت.
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە نوێکردنەوەی گرێبەستەکە تاوەکو ساڵی 2029 دەبێت و تێیدا مووچەی گۆڵپارێزەکە بەشێوەیەکی بەرچاو زیاددەکرێت، وەک پاداشتێک بۆ ئەو ئاستە بەرزەی لەم وەرزەدا پێشكێشی کردووە.
 
دوای ئەوەی هاوینی رابردوو، تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێزی سەرەکی ریال مەدرید تووشی پێکانێکی سەخت هات، ریال مەدرید کێپا ئاریزابالاگای بە خواستن لە یانەی چێڵسییەوە گواستەوە ریزەکانی، بەڵام دواتر ئەویش تووشی پێكان دەبێت و چەند یارییەک دادەبڕێت، ئەمەش وایلە یانە مەدریدییەکە کرد روو لە ئاندرێ لونین بکات و بیکاتە گۆڵپارێزی یانەکە. لونین  بە ئاستێکی نایابەوە دەرکەوت، تەنانەت دوای ئەوەی کە کێپاش لە پێکانەکەی گەڕایەوە، شوێنەکەی بۆچۆڵ نەکرد و وەک گۆڵپارێزی سەرەکی ریال مەدرید مایەوە.
 
بەپێی هەواڵەکان، لونین دەزانێت کە دوای گەڕانەوەی کۆرتوا دەبێت بچێتەوە سەر کورسی یەدەگ، بەڵام ئامادەیە لەپێناو مانەوە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئەوە قبوڵبکات و لەسەر پێکهاتەی سەرەکی رکابەری لەگەڵ گۆڵپارێزە بەلجیکییەکەدا بکات. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە