رووداو دیجیتاڵ
دەستەی کارگێڕیی یانەی بایرن میونشن لە سەر شەڕەکەی نێوان هەردوو یاریزانی یانەکەیان، سادیۆ مانێ و لێرۆی سانێ کۆدەبێتەوە.
دوای دۆڕانەکەیان بەرامبەر یانەی مانچێستەر سیتی لە یاریی چوونی قۆناخی هەشتی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، شەڕ و ئاژاوە لەنێوان سادیۆ مانێ و لێرۆی سانێ، یاریزانانی یانەی بایرن میونشن روویداوە و سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن "مانێ لە سانێی داوە و بەو هۆیەشەوە سانێ بە ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە ئینگلتەراوە گەڕاوەتەوە ئەڵمانیا."
بەپێی هەواڵی میدیای بەریتانیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە ئۆلیڤەر کان، سەرۆکی جێبەجێکاری یانەی بایرن میونشن و حەسەن ساڵح حەمیدزیچ، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکە لەسەر پرسی نێوان ئەو دوو یاریزانە کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەبارەی سزادانی مانێ دەکەن.
رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی دەڵێت "مانێ بە بۆکس لە دەموچاوی سانێی داوە، یاریزانەکانی یانەکە هەردوو یاریزانەکەیان لە یەکدی کردووەتەوە، مانێ رەخنەی زۆری لە سانێ گرتووە."
چاوەڕواندەکرێت دوای ئەو گرژییەی لەنێوان ئەو دوو یاریزانەدا روویدا، پرسی هەرە گرنگی کۆنگرەی رۆژنامەڤانی تۆماس توخێل، بەر لە یارییەکەی بایرن میونشن و هۆفێنهایم شەڕی ئەو دوو یاریزانە بێت، جگە لەوەش ئەگەری هەیە بایرن میونشن راگەیێنراوێکی فەرمی لەسەر ئەو شەڕە بڵاوبکاتەوە.
تۆڕی سکای سپۆرت دەڵێت "ئەمڕۆ مانێ بە پێکەنینەوە چووەتە نێو مەشقەکانی بایرن میونشن و ئەگەری هەیە داوای لێبوردن لە تیپەکە بکات."
دوای بڵاوبوونەوەی وردەکارییەکانی شەڕەکە، چەند سەرچاوەیەک دەڵێن "لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا مانێ لە یانەی بایرن میونشن دەڕوات و لە یانەکەدا ئاسوودە نییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ