یوفا نیگەرانە لەبارەی ئەگەری گەیشتنی لیڤەرپوول و رێینجەرز بە فاینەڵی یۆرۆپالیگ

13-03-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا (یوفا) نیگەرانی خۆی لەبارەی گەیشتنی یانەکانی لیڤەرپوول و رێینجەرز بە یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگ دەردەبڕێت و دەڵێت، ئەو یارییە "ئاڵنگارییەکی زۆر گەورە دەبێت بۆ ئێمە."
 
یاریگەی ئەڤیڤا لە شاری دەبڵین، بڕیارە یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگی تێدا ئەنجامبدرێت و توانای لەخۆگرتنی 51700 هاندەری هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا یوفا یاریگەی کرۆک پارکی دابینکردووە کە ئەویش جێگەی 82000 هاندەری تێدا دەبێتەوە، بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی بلیتی یارییەکەیان دەستناکەوێت، بتوانن لەو یاریگەیدا لەرێگەی شاشەیەکی گەورەوە سەیری یارییەکە بکەن. 
 
سەرەڕای ئەوەش، یوفا هێشتا نیگەرانی ئەوەیە کە رەنگە ئەوەندە بەس نەبێت بۆ لەخۆگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی هاندەران کە لە پێناو بینینی یارییەکەدا گەشت بۆ دەبڵین دەکەن، بەتایبەتی کە هەردوو یانەی رێینجەرز و لیڤەرپوول هاندەرێکی زۆریان هەیە، تیۆدۆر تیۆدۆریدیس، سکرتێری گشتیی یوفا لەوبارەیەوە دەڵێت "یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییەکانی ئەمساڵ بۆ ئێمە، یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگ دەبێت."
 
تیۆدۆر زیاتر دەڵێت "ئێمە دەزانین کە یانەکان هاندەرێکی زۆر لەگەڵ خۆیاندا دەهێننە دەبڵین، بۆیە ئێمە یاریگەی کرۆک پارکمان دابینکردووە بۆیان، بەڵام لەوانەیە ئەوەندە بەس نەبێت. دوو یانە هەن کە گەیشتنیان بە یاریی کۆتایی ئاڵنگارییەکی زۆر گەورە بۆ ئێمە درووستدەکات کە لەوانەیە نەتوانین ئەو ژمارە زۆرەی هاندەرانیان لەخۆبگرین، من ناوی یانەکانتان پێناڵێم، بەڵام ئێوە بەپێی پێویست زیرەکن بۆ ئەوەی بزانن کە مەبەستم کێیە."
 
هەرچەندە تیۆدۆر ناوی ئەو دوو یانەیە ناهێنێت کە گەیشتنیان بە یاریی کۆتایی، بەهۆی زۆری ژمارەی هاندەرەکانیان کێشە بۆ یوفا درووستدەکات، بەڵام بەپێی میدیاکان، سکرتێری گشتی یوفا مەبەستی هەردوو یانەی لیڤەرپوول و رێینجەرزە، بەتایبەتی کە گەیشتنی یەکەمیان بە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی 2022، نزیکەی 60000 هاندەری یانەکەی بردە پاریس، نزیکەی 100000 هاندەریش بەهۆی گەیشتنی رێینجەرز بە فاینەڵی یۆرۆپالیگی هەمان ساڵ روویان لە سێڤییا کرد. 
 
لیڤەرپوول بەپاڵێوراوی یەکەمی بردنەوەی یۆرۆپالیگ دادەنرێت، تاوەکو ئێستا بە ئاستێکی ناوازەوە دەرکەوتووە و توانیویەتی یاریی چوونی قۆناخی 16ـی جامەکە بە ئەنجامی 5-1 لە سپارتا پراگ بباتەوە. لای خۆیشییەوە رێینجەرز یاریی گەڕانەوە لە نێو یاریگەی خۆیدا بەرامبەر بێنفیکا ئەنجامدەدات، دوای ئەوەی یاریی چوون لە نێوان ئەو دوو یانەیەدا بە یەکسانبوون کۆتایی هاتبوو. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە