رووداو دیجیتاڵ
دوای یارییەکەی رۆژی یەکشەممەی ئامەدسپۆر و ئەنقەرەگوجو لە هەفتەی 19یەمی خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیا، کە تێیدا ئامەدسپۆر لە یاریگەی خۆی بە گۆڵێکی بێ بەرامبەر یارییەکەی بردەوە؛ ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زافەری تورکیا لە سۆشیاڵمیدیا پۆستێکی بڵاوکردەوە و رەخنەی تووندی لە ئامەدسپۆر گرت.
دوای ماوەیەکی کەم لە بڵاوکردنەوەی پۆستەکە، بەڕێوەبەرایەتیی ئامەدسپۆر راگەیێندراوێكی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کەسێک "بە ڤیدیۆی مۆنتاژکراو، ئامەدسپۆر دەکاتە ئامانج. ئێمە سکاڵای تاوانکاری لەسەر ئەو کەسانە تۆمار دەکەین کە ئامەدسپۆر و هەوادارەکانیان دەکەنە ئامانج و خەڵکی ئاراستەی رق و کینە دەکەن."
بەڕێوەبەرایەتیی ئامەدسپۆر دەڵێت، "لە ئەکاونتە فەرمییەکانی ئەنقەرەگوجو و پەیجە فەرمییەکانی هەوادارانی ئەنقەرەگوجو یەک لێدوان نییە باس لەوە بکات نادادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵ کراوە. هەروەها زیاتر لە 10 رۆژنامەڤان لە ئەنقەرەوە هاتبوون بۆ رووماڵکردنی یارییەکە، هیچ لێدوانێکیان نەداوە باس لەوە بکەن رووبەڕووی نادادپەروەری و تووندوتیژی بوونەتەوە."
ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زافەر لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە گوایە هاندەرانی ئامەدسپۆر پێش یارییەکە فیکەیان بۆ سروودی نیشتمانیی تورکیا لێداوە و لە پۆستەکەیدا نووسیویەتی، "هاندەرانی تیرۆریستی [ئامەد]سپۆری جوداخواز، ناپاک و بێ شکۆ بە فیکەلێدان ناڕەزایەتییان بەرامبەر سروودی نیشتمانیمان دەربڕی."
سەرۆکی پارتی زافەر تۆمەتی ئەوەی خستووەتە پاڵ هاندەرانی ئامەدسپۆر، "هەڕەشەیان لەو خاوەن هۆتێلە کرد ژووری بە ئەنقەرەگوجو دابوو؛ هێرشیان کردە سەر یاریزانانی ئەنقەرەگوجو. پێویستە یاریگەی ئەو یانەیە دابخرێت؛ نابێت رێگە بە هاندەرانی تیرۆریست بدرێت بچنە نێو یاریگەکانەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ