ڤیدیۆ؛ رۆدری خەونی خۆی ئاشکرا دەکات

29-10-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
رۆدری
رۆدری
نیشانەکردن رۆدری باڵۆن دۆر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی باڵۆن دۆر لە پاریس بەڕێوەچوو، رۆدری هێرناندێز، ئەستێرەی ئیسپانی و یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا و یەکەم یاریزان لە مێژووی مانچێستەر سیتی خەڵاتی باڵۆن دۆری بۆ باشترین یاریزانی وەرزی رابردوو بردەوە.
 
ناوی رۆدری لەنێو رێزلێنانێکی زۆرەوە خوێندرایەوە، ئەستێرە ئیسپانییەکە پێکانی هەیە و بە دڵخۆشییەکی زۆرەوە بە دارشەقەوە چووە سەر ستەیج، تۆپی ئاڵتۆنیی وەگرت، لە دڵخۆشی بردنەوەی خەڵاتەکەدا گریا و هەمووان بە رێزەوە چەپڵەیان بۆ بەدەستهێنانی ئەو نازناوە لەلایەن یاریزانەکەوە لێدا.
 
دوای بردنەوەی خەڵاتەکە رۆدری چووە سەر ستەیج و گوتی "من لەوپەڕی دڵخۆشیدام، ئەمە مانایەکی زۆری هەیە بۆ من وەکو یاریزان، ناتوانم خۆم لە چێژ وەرگرتن لەم ساتە بپارێزم، لە کۆتاییدا مانگێکی ئاڵۆز بوو بەهۆی ئەو پێکانەی تووشی بووم، بردنەوەی ئەم خەڵاتە بۆ من شتێکی نوێیە، پاداشتی هەموو ئەو هەوڵانەیە کە ماوەیەکی زۆرە داومە، لەسەری هەموو شتێکیشەوە ئەمە دەستکەوتە بۆ یانەکەم، نیشتمانەکەم و تۆپی پێی ئیسپانیا."
 
ئەستێرە ئیسپانییەکە باسی ساڵی رابردووی دەکات و دەڵێت "ساڵی رابردوو بۆ ئێمە لەسەر ئاستی کۆمەڵ زۆر تایبەت بوو، بەڵام بە ئەمانەتەوە دەیڵێم، پێموانەبوو بتوانم دووبارەی بکەمەوە، لە تۆپی پێدا کاتێک هەیە شتەکان لە کاتی گونجاودا روودەدەن، تۆش لە ساتێکی تایبەتدا دەژیت کاتێک لەنێو رکابەریدای بۆ بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر، بەڵام هەرگیز بیرم لەوە نەکردبووەوە بگەینە ئەم ئاستە بەرزە، کاتێک وەرز هات بەهێزترەوە گەڕامەوە، پێموایە ئامارەکانم لە رووی گۆڵ و ئاسیستەوە باشتربوون، هەروەها لە زنجیرەیەکی درێژی یارییەکاندا نەدۆڕاوم، ئەمەش بۆ من شتێکی تایبەتە، بەڵام ئەم شتانە تەنیا جارێک روودەدەن، وەکو بردنەوەی یۆرۆ لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا، ئەوە بۆ من گرنگییەکی زۆری هەبوو، ئەمەش یارمەتی زیادکردنی ئەگەرەکان دەدات، پێموایە دوو ساڵی زۆر گرنگم هەبوو لە رووی ئاستەوە، سوپاسگوزام بۆ بردنەوەی ئەم نازناوانە. دەزانم بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر مانای چییە، دەزانم کێ پێشتر خەڵاتی تۆپی پێی بردووەتەوە، ئێستاش هەڵبژێردراوم بۆ ئەوەی ناوم لەنێو لیستی ناوی ئەو یاریزانە ئیسپانیانەدا بێت کە تۆپی پێیان گۆڕی، بردنەوەی باڵۆن بۆ یاریزانێکی ناوەڕاست قورسە، بۆیە پێموانییە تێبگەم ئێستا چی روودەدات، بەڵام لە چەند ساڵێکدا لێی تێدەگەم."

 
براوەی باڵۆن دۆر زیاتر گوتی " لە کۆتاییدا ئەمە خەڵاتی تۆپی پێی ئیسپانیایە کە نوێنەرایەتی دادپەروەری تۆپی پێ دەکات بۆ تۆپی پێی ئیسپانیا، پێموایە لە هەندێک کاتدا باشترین تۆپی پێی مێژوومان ئەنجامدا، بەبوونی چەند یاریزانێکی زۆرباش کە نەک تەنیا گۆڕانکاریان بەسەر ستایلی تۆپی پێدا هێنا بەڵکو تێگەیشتنی گشتی گۆڕی، پێموایە ئەوان پشکیان لە بردنەوەی ئەم خەڵاتەدا هەیە و ئەوان بۆ من نموونەیەکی بەرز بوون کاتێک بچووک بووم."
 
رۆدری دووپاتیدەکاتەوە کە هەرگیز بیری لە بردنەوەی باڵۆن دۆر نەکردبووەوە و بە ئامادەبووانی گوت "بردنەوەی ئەم خەڵاتە شتێکە هەرگیز بیرم لێی نەکردبووەوە، خەونی من یارییکردن بوو لە ئاستێکی بەرزی تۆپی پێی پیشەگەریدا، تەنانەت بیرم لەمەش نەکردبووەوە، کاتێک منداڵ بووم سەیری یارییەکانی مێسی و رۆناڵدۆم دەکرد، دەمزانی هەموو ساڵێک ئەم خەڵاتە هەیە، خەونی من ئەوەبوو رۆژێک لەگەڵ ئەوان یاری بکەم، نەک لێرە بووەستم و قسە بۆ ئێوە بکەم، ئەمە لایەنی پرۆسەکە پێشاندەدات، مەبەستم ئەوەیە بۆ نموونە لە جامی نەتەوەکانی ئەورووپادا هەرگیز خۆم وەکو گۆڵکار نەدەبینی، بەڵام کاتێک لە خوارەوە بیت و سەرەوە ببینیت، بەدڵنیاییەوە زۆر بەرز دەردەکەویت. هەموو رۆژێک لە ژیانتدا ئامانجی بچووک بۆ خۆت دابنێ، ئاستەکەت باشتر بکە، رۆژێک دێت لە شوێنێکی بەرزدا دەبیت، ئەمە روویدا، هەرچەند هەرگیز بیرم لەوە نەدەکردەوە باڵۆن دۆر بەدەستبهێنم، بەڵام ئاستبەرزیم لە یارییەکانی ئەم ساڵانەی دواییدا وایکرد زۆر کەس من هەڵبژێرن و بۆ ئەوەش زۆر دڵخۆشم."

 

لە کۆتایی قسەکانیدا رۆدری لەبارەی ئامادەنەبوونی ریال مەدرید لە رێوڕەسمەکەدا گوتی "ناتوانم بزانم لایەنی ریال مەدرید چی لە مێشکیاندایە، ئەوان بڕیاری خۆیان هەیە، ئەوان نەیانویستووە لێرە بن و هۆکاری خۆیان هەیە، منیش ئەوە قبوڵ دەکەم و سەرنجم تەنیا لەسەر یانەکەم، هاورێکانم و ئەو خەڵکەیە کە لێرەن، ئەوان دڵخۆشن و پیرۆزباییم لێدەکەن، ئەوە شتێکە ناتوانم زۆر لەبارەیەوە قسەبکەم."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە