نەیمار وەڵامی سانجێرمان دەداتەوە

12-08-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن نەیمار دا سیلڤا پاریس سانجێرمان، یاریزان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نەیمار داسێلڤا، ئەستێرەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، بەوێنەیەک وەڵامی دوورخستنەوەی دایەوە لە لیستی یاریزانانی یانەکە کە ئەمشەو یەکەم یاریی وەرزی نوێ بەڕووبەڕووبوونەوەی یانەی لۆریان ئەنجامدەدەن.
 
پێشتر لویس ئینریکێ، راهێنەری سانجێرمان دوورخستنەوەی هەریەکە لە نەیمار و ڤێراتی لە لیستی بانگهێشتکراوی تیپەکەی بۆ یارییەکەی ئەمشەو راگەیاندبوو. ئینریکێ بەو کارە، دەنگۆی میدیاکانی دووپاتکردەوە کە باس لە نزیکیی رۆیشتنی نەیمار لە یانەکە و گەڕانەوە بۆ بارسێلۆنا دەکەن.
 
لە وەڵامی ئەو رووداوەدا، نەیمار وێنەیەکی خۆی لە ئینستاگرام بڵاوکردووەتەوە کە لە هۆڵێکدا بەتەنیا مەشق دەکات لە هۆڵی مەشقەکانی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی.
 
نەیمار لەسەر وێنەکەی نووسیووە، "لە هیچ شتێک دڕدۆنگ نیم".
 
نەیماری تەمەن 31 ساڵان، تاوەکو هاوینی 2025 گرێبەستی لەگەڵ سانجێرمان هەیە، دەگوترێ کە بڕگەیەکی گرێبەستی نێوان ئەو یاریزانە و یانەکەی ئەوەیە کە ئۆتۆماتیکی گرێبەستەکەی نێوانیان بۆ دوو ساڵی دیکە و تاوەکو 2027 نوێدەبێتەوە.
 
سەرچاوە فەرەنسییەکان ئاشکرایانکردووە کە لویس ئینریکێ، راهێنەری نوێی سانجێرمان داوای لە کارگێڕیی یانەکە کردووە هەوڵبدەن نەیمار بەڕێبکەن چونکە لە پلانەکانی ئەودا نییە بۆ وەرزی نوێ پشتی پێببەستێت.
 
پێشتر میدیاکان ئاشکرایانکردبوو جیا لە بارسێلۆنا، یانەکانی هیلالی سعودی و چێڵسی ئینگلیزی، دەیانەوێت گرێبەست لەگەڵ نەیماردا بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە