رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی خۆی بۆ ئەنجامدانی گرێبەستێکی نوێ ئامادەدەکات، تیبۆ کۆرتوا، گۆڵپارێزی یانەکە پێشنیازێکی بۆ ئەنجامدانی ئەو گرێبەستە داوەتە سەرۆکی یانەکەی.
یانەی ریال مەدرید بەدوای گۆڵپارێزێکدا دەگەڕێت، بۆ ئەوەی ببێتە گۆڵپارێزی دووەمی یانەکە، لەکاتێکدا ئەگەری هەیە ئاندرێ لونین، دوای کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی لە هاوینی 2024 لە یانەکە بڕوات، کێپا ئاریزابالاگاش، بەشێوەی خواستن لەو یانەیە یاریی دەکات و دوای کۆتاییهاتنی ماوەی خواستنەکەی دەگەڕێتەوە چێڵسی، ئەگەر ریال مەدرید بیەوێت گۆڵپارێزەکە بکڕێتەوەش پێویستە پارەیەکی زۆر بداتە یانە لەندەنییەکە.
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، کۆرتوا کە بەهۆی پێکانەوە لە یاریگەکان دوورکەوتووەتە، پێشنیازێکی داوەتە فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید بۆ ئەوەی گرێبەست لەگەڵ جیۆرجی مامارداشڤیلی، گۆڵپارێزی جۆرجی و یانەی ڤالێنسیا واژۆبکات بۆ ئەوەی لە یانەکە هاوکاریی بکات.
مامارداشڤیلی تەمەنی 23 ساڵە، گۆڵپارێزێکی لاوە و ئاستێکی بەرزی هەیە، کۆرتوا پێیوایە دەتوانێت لە ریال مەدرید هاوکاریی بکات و ئەو گۆڵپارێزە زیاتر پێشبکەوێت.
ماڵپەری دێڤێنسا سێنترالی ئیسپانی دەڵێت "کۆرتوا گۆڵپارێزەکەی ڤالێنسیا باش دەناسێت و پەیوەندییەکی هاوڕێیەتیان بەیەکەوە هەیە، بۆیە ئەو گۆڵپارێزەی بۆ یانەی شاهانە پێشنیازکردووە بۆ ئەوەی گرێبەستی لەگەڵ واژۆبکەن.
هەرچەند پەیوەندییەکانی ریال مەدرید و ڤالێنسیا باش نین، بەڵام بەپێی سەرچاوەکان پێرێز ئامادەیە بیر لە پێشنیازەکەی گۆڵپارێزە بەلجیکییەکەی یانەکەی بکاتەوە.
مامارداشڤیلی گۆڵپارێزی سەرەکی هەڵبژاردەی جۆرجیایە، 71 یاریی بەدرێسی یانەی ڤالێنسیاوە ئەنجامداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ