ئەمڕۆ چارەنووسی کۆپا ئەمریکا لە بەرازیل دیاری دەکرێت

10-06-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کۆپا ئەمریکا بەرازیل
A+ A-

رووداو دیجیتال

چارەنووسی کۆپا ئەمریکا چەند رۆژێک بەر لە دەستپێکردنی کەوتە مەترسییەوە، دوای ئەوەی دادگای باڵای بەرازیل هاتە سەر هێڵ و رایگەیاند دوو داواکاری پێشکەشی کراون بۆ رێگەگرتن لە ئەنجامدانی کۆپا ئەمریکا لە بەرازیل.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەمریکای باشوور، کۆنمێبۆل لە هەوڵدایە بەهەر شێوەیەک بێت پاڵەوانێتییەکە ئەنجام بدرێت، کە لە بنەڕەتدا هاوینی رابردوو بەهۆی ڤایرۆسی کۆروناوە دواخراوە.

بڕیارە پاڵەوانێتییەکە بە بەشداری 10 هەڵبژاردە رۆژی یەکشەممە دەستپێبکات و تاوەکو 10ـی تەمموز دەستپێبکات، کە لە بنەڕەتدا دەبووایە لە کۆڵۆمبیا و ئەرجەنتین بکرێت، بەڵام یەکەم بەهۆی ناڕەزایی و تووندوتیژی دژی حکومەت و دووەمیش بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا میواندارییەکەیان نەکرد.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی یاریی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکە، هەفتەی رابردوو بەرازیل چارەنووسی کۆپا ئەمریکای رزگارکرد و ئامادەیی خۆی بۆ لەئەستۆگرتنی مافی میواندارییەکە نیشاندا، دوای ئەوەی کۆنمیبۆل ئەرجەنتینی لە هەژماری میواندارییەکان دوورخستەوە.

بەڵام بەرازیلیش بەدەست مەترسی کۆڤید - 19ـەوە دەناڵێنێت و شارەزایانیش هۆشداری دەدەن کە لەوانەیە ئەنجامدانی پاڵەوانێتیەکی گەورە، وڵات رووبەڕووی شەپۆڵێکی دیکەی مەترسیداری کۆرۆنا بکاتەوە، بۆیە ئەنجامدانی ئەو پاڵەوانێتییە لە بەرازیل هێشتا مسۆگەر نییە و سبەی دادگای باڵا لەو وڵاتە بڕیاری خۆی دەدات، ئایا رێگە دەدات کۆپا ئەمریکا لە بەرازیل ئەنجام بدرێت یان نا.

لویس فۆکس، سەرۆکی دادگای باڵا، رایگەیاند لەبەر سروشتی نائاسایی کەیسەکە، دادگا بە تەواوی ئەندامەکانی، کە 11 کەسن ئەمڕۆ دانیشتنێکی گریمانەیی نائاسایی دەکات بۆ قسەکردن لەسەر کەیسەکە و وەرگرتنی بڕیاریکی گونجاو لەو بارەیەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە