ریڤاڵدۆ: باوەرم بە ریمۆنتادا نییە و پاریس سانجێرمان پێویستی بە مێسی نییە

10-03-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ریڤاڵدۆ لیۆنێل مێسی
A+ A-

رووداو دیجیتال

ریڤاڵدۆ، ئەفسانەی پێشووی هەڵبژاردەی بەرازیل و بارسێلۆنا، باوەڕی بەوە نییە بارسێلۆنا ئەمشەو بتوانێت ریمۆنتادایەکی نوێ بەرامبەر پاریس سانجێرمان بکات.

ئەمشەو کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی لە یاری گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا، لەسەر یاریگەی پارکی شازادەکان لە پاریس میوانداری بارسێلۆنا دەکات، کە لە یاری چووندا لەنێو کامپ نودا 4 - 1 لە یانەی کەتەلۆنی بردووەتەوە و ئەگەر بارسا بیەوێت بگەڕێتەوە، پێویستە بەجیاوازی 4 گۆڵ بباتەوە.

ریڤاڵدۆ لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا دووپاتیکردەوە کە گەشبین نییە بە بەدیهێنانی ریمۆنتادا لە لایەن بارسێلۆناوە و گوتی"من واینابینم بارسێلۆنا بتوانێت بگەڕێتەوە، پێموایە ئەستەمە بارسێلۆنا 4 گۆڵ لە پاریس بکات، پێشبینی ناکەم جیاوازی هونەری نێوان پاریس سانجێرمان و بارسێلۆنا ئەوەندە زۆربێت". 

هەروەها گوتی "یاریزانانی بارسێلۆنا ئەگەر هەوڵ بدەن نیوەی یەکەم بە ئەنجامی 0 - 2 کۆتایی پێبهێنن، لەوانەیە بتوانن ریمۆنتادا بکەن".

ئەوەشی گوت "پێشبینیم نەدەکرد پاریس سانجێرمان لە یاری چووندا بەو ئەنجامە گەورەیە بەبێ دی ماریا و نەیمار بباتەوە، بۆ ئەوەی راستگۆبین زۆر زەحمەتە، پێموایە یاریزانانی بارسێلۆنا خۆیان بڕوایان بە گەڕانەوە نییە بەهۆی ئەنجامی یاری چوون".

ئەستێرەی پێشووی بارسا، لەبارەی ئەگەری گواستنەوەی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی بۆ ریزەکانی یانەی پاریس سانجێرمان، لە وەرزی داهاتوودا؟ ریڤاڵدۆ  ئامۆژگاری ماوریسیۆ پۆچێتینۆی راهێنەری پاریس سانجێرمانی کرد و گوتی "ئەگەر لە جێگەی پۆچێتینۆ بام، ئەو یاریزانانەی کە لەبەردەستمدانە دەیانپارێزم، لەجیاتی ئەوەی لە گرێبەست لەگەڵ مێسی بکەم".

ئەستێرەی بەرازیلی زیاتر لەبارەی ئەستێرەی ئەرجەنتینییەوە گوتی "من مێسیم بەدڵە، بەڵام ئێمباپێ لەگەڵ پاریسە، هەموو یاریزانەکانیش لە وەرزی داهاتوودا لەگەڵ یانەکەی دەبن، زەحمەتە باس لە ئاڵوگۆڕییەک بکرێت لەنێوان مێسی و ئێمباپێدا، چونکە تۆپی پێ پارەیە، ئەگەر مێسی بچێتە پاریس سانجێرمان سوودی ئابووری دەبێت، بەڵام هیچ سوودێکی هونەری بەرچاوی نابێت".

ریڤاڵدۆ بەمجۆرە کۆتایی بە لێدوانەکەی هێنا و گوتی " مێسی تەمەنی لە 30 ساڵ زیاترە و ئێمباپێ تەمەنی تەنیا 22 ساڵە، هەر ئەمەش هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی وەک راهێنەرێک بیرۆکەی دامەزراندنی مێسی رەتبکەمەوە و ئەستێرە گەنجەکەم لەدەستبدەم". 

هەروەها گوتیشی "دووپاتیدەکەمەوە پاریس سانجێرمان پێویستی بە هیچ بەهێزکردنێک نییە لە ریزەکانیدا، بە بۆچوونی من پۆچێتینۆ تیپێکی گەورەی هەیە و دەبێت بیپارێزێت".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە