ئەمشەوی چامپیۆنزلیگ.. بارسێلۆنا بۆ ریمۆنتادا یاری دەکات

10-03-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن پاریس سانجێرمان بارسێلۆنا
A+ A-

رووداو دیجیتال

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، لە ئەرکێکی زەحمەتدا دەبێتە میوانی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، بەهیوای گەڕانەوە و ئەنجامدانی ریمۆنتادا، بەڵام ئەرکی نزیکە لە مەحاڵ.

ئەمشەو کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی لە یاری گەڕانەوەی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا، لەسەر یاریگەی پارکی شازادەکان لە پاریس میوانداری بارسێلۆنا دەکات، کە لە یاری چووندا لەنێو کامپ نودا 4 - 1 لە یانەی کەتەلۆنی بردووەتەوە و ئەگەر بارسا بیەوێت بگەڕێتەوە، پێویستە بەجیاوازی 4 گۆڵ بباتەوە.

بارسا بەدوای ئەوەدایە کە دووبارە ریمۆنتادا لە بەرامبەر تیپی پایتەختی فەرەنسادا بەدەستبێنێت، وەک ئەوەی ساڵی 2017 روویدا، کاتێک کەتەلۆنییەکان لەنێو کامپ نودا بە 6 گۆڵ لە پاریسییەکانیان بردەوە.

یانەی کەتەلۆنی لە دۆخێکی باشدایە، دوای ئەوەی لە جامی شای ئیسپانیادا ریمۆنتادای بەسەر سێڤییادا کرد و گەیشتە یاری کۆتایی جامەکە، هەروەها لەسەر ئاستی خولی ناوخۆشدا زۆر بەهێز گەڕاوەتەوە نێو رکابەری لەسەر نازناوەکە، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا بارسێلۆنا دەتوانێت بەرامبەر پاریس سانجێرمان ریمۆنتادا بکات؟

بێگومان یاری ئەمجارە و بارودۆخەکانی زۆر جیاوازن لە نمایشە بەناوبانگەکەی ساڵی 2017ـی بارسێلۆنا کە دوای دۆڕاندنی یاری چوون بە 4 گۆڵی بێبەرامبەر لە یاری گەڕانەوەدا بە 6 گۆڵ ریمۆنتادای بەسەر پاریس سانجێرماندا کرد.

بارسێلۆنا هەمان ئەو ناوانەی نییە کە بتوانێت جارێکی دیکە ریمۆنتادا لەنێو یاریگای پارک دیپرێنسدا بکات، هەروەها لە رووی ئەزموون و کەسایەتی و تەنانەت لە رووی ئەگەرە تەکنیکییەکانیشەوە بارسای ئێستا زۆر جیاوازە لە بارسای ئەوکات.

ناوەکانی ناو لیستی تیپەکەی کەتەلۆنی بە زۆری یاریزانی لاوی نە شارەزا و کەم ئەزموونن، وەک ریکی پوچ, رۆناڵد ئاراوخۆ، ئۆسکار مینگێزا، سێرجینۆ دێست، پێدری و مۆریبا، ئەوانی دیکەش هەندێکیان بە تەمەن گەورە بوونە و هێز و پاڵنەریان نییە بۆ ئەوەی باشترین ئاستیان پێشکێش بکەن، سێرخیۆ بوسکێس و خۆردی ئەلبا، ئەوان توانای بەر لە 4 ساڵیان نەماوە.

راستە بارسا ئێستا بە ماوەیەکی زۆر باشدا دەڕوات، لەسەر ئاستی ئەنجامەکان پێشکەوتنێکی باشی بەخۆیەوە بینیوە، لە رووی تەکنیکیشەوە گۆڕانێکی باشی بەسەردا هاتووە، دوای ئەوەی رۆناڵد کۆمانی بەڕێوەبەری تەکنیکی بلاوگرانا پەنای بردە بەر شێوازی یاریکردنی 3 - 5 - 2 و زیاتر بایەخدان بە پاراستنی گۆڵەکەی، بەڵام ئەمە بەس نابێت بۆ ئەوەی بە جیاوازی 4 گۆڵ بگەڕێتەوە بەرامبەر یەکێک لە باشترین یانەکانی ئێستای ئەوروپا.

شتەکان بۆ پاریس سانجێرمانیش زۆر جیاوازن، بە بوونی ماوریسیۆ پۆچێتینۆی راهێنەری ئەرجەنتینی، کە خاوەن ئەزموونێکی باشە لە چامپیۆنزلیگ، کە لە وەرزی 2018 - 2019 یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزی گەیاندە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، ئەمە جگە لەوەی ئێستا یانەکەی پایتەختی فەرەنسا خاوەن کۆمەڵێک یاریزانی کوالێتی بەرزە و خاوەنی هێڵێکی هێرشبردنی ترسێنەرە، لەو کاتەی خاڵە لاوازەکانی بارسا لە هێڵی بەرگرییەکەیدا کۆبوونەتەوە.

لە یارییەکی دیکەشدا، یانەی لیڤەرپوول لەسەر یاریگەی خۆیدا میوانداری لایپزیگ دەکات، کە لە یاری چووندا بە دوو گۆڵی خاوێن لە یانە ئەڵمانییەکەی بردووەتەوە.


یارییەکانی ئەمشەو:

پاریس سانجێرمان - بارسێلۆنا 23:00
لیڤەرپوول - لایپزیگ 23:00

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە