رووداو دیجیتاڵ
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی دووپاتیکردەوە تیپەکەی لەپێناو تۆڵەکردنەوەدا نەهاتووەتە مەدرید.
مانچێستەر سیتی، ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، لە نێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، لە یاریی چوونی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ، دەبێتە میوانی ریال مەدریدی ئیسپانی.
ریال مەدرید، وەرزی رابردوو لە ئەنجامی سەرکەوتن بەسەر مانچێستەر سیتی لە ئەنجامی هەردوو یاریی چوون و هاتن و لە کەشێکی دراماتیکیدا، گەیشتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە، پاشئەوەی لە یاریی چووندا، مان سیتی 4 - 3 گۆڵ سەرکەوتنی بەدەستهێنا و دواتر لە یاریی گەڕانەوەدا بە گۆڵێک پێشکەوت، بەڵام ریال مەدرید ئەنجامەکەی کرد بە 3 - 1 گۆڵ و گەیشتە یاریی کۆتایی.
گواردیۆلا کە قسەی بۆ میدیاکان کرد بەر لە یارییەکەی ئەمشەو، گوتی، "ساڵی رابردوو قورس بوو، چونکە یارییەکی ناوازەکەمان ئەنجامدا لە یاریی چووندا، یارییەکەی دیکەش زۆر باشبووین، بەڵام ریال مەدرید لێی بردینەوە، پیرۆزباییان لێدەکەین، وا ئێمە جارێکی دیکەش لێرەین".
ئەو زیاتر دەڵێ، "پێویستمان بە هاندەری زیاتر نییە، ئەوەی لە رابردوودا روویدا، بووە بەشێک لە رابردو، ئێمە لێرەنین بۆ ئەوەی تۆڵە بکەینەوە، بەڵکو ئێمە دەتوانین نازناوی چامپیۆنزلیگ ببەینەوە، ئەگەر لە جەنگان لە پێناویدا بەردەوام بین".
پێپ زیاتر دەڵێ، "وەرزی رابردوو زۆر باش خۆمان ئامادەکردبوو، تیپەکەمان ئێستا 80 تاوەکو 90 لەسەدی پێکهاتەکەی وەرزی رابردووی ماوەتەوە، هەموو شتێکی ئەمجارە لە یاریی گەڕانەوەدا یەکلادەبێتەوە".
گواردیۆلا، لەبارەی ویستی یانەکەیەوە دەڵێ، "وەک ساڵی رابردوو ئێمە لەپێناو نازناوی پرێمەرلیگدا دەجەنگین، خەونمان بردنەوەی جام و چامپیۆنزلیگیشە".
هەروەها دەڵێ، "دەبێ لە ریال مەدرید ببەیتەوە لەپێناو گەیشتن بە خەونەکەت، چونکە ئەوان تاڕادەیەکی زۆر باشترینی ئەم پاڵەوانێتییەن، لە ماوەی رابردوودا جارێکی دیکە تەماشای هەردوو یارییەکەی وەرزی رابردووم کردەوە، پێموایە ئێمە ئاستێکی ناوازەمان هەبوو، بەڵام نەمانبردەوە، هەر بۆیە ئێستاش ئێمە لێرەین".
راهێنەرە ئیسپانییەکە زیاتر گوتوویەتی، "هەموو ساڵێک، پێمانوابوو کە نازناوی چامپیۆنزلیگ دەبەینەوە، ویستی ئەوەم نییە تیپێکم هەبێت، چامپیۆنزلیگ بباتەوە و دواتر لەبیری بکات، ئێمە هەموو کات دەمانەوێت وەک ریال مەدرید و بارسێلۆنا بین".
زیاتر گوتوویەتی، "من هاندەری بارسێلۆنام، ئەوان کارێکی زۆر گەورەیان کرد کاتێک بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیاندا نازناوی چامپیۆنزلیگیان بردەوە، ئێمەش دەمانەوێت هەمان شت بکەین".
پێپ روونیدەکاتەوە، "دوای پرێمەرلیگ، ئامانجمان چامپیۆنزلیگە، بەڵام ئێمە شێتانە مامەڵە ناکەین، هەوڵدەدەین ئاستێکی باش پێشکێش بکەین لە ژینگەیەکی تایبەتدا".
پێپ لەبارەی مەترسیدارترین یاریزانی ریال مەدریدەوە قسەی کردووە کە ڤینیسیۆس جۆنیۆرە، ئەو دەڵێ، "ئەزموونی ڤینیسیۆس زیادی کردووە، بە بەهرەی خۆی دەتوانێت ئەم جۆرە یارییانە یەکلا بکاتەوە".
پێپ کە بەر لە یارییەکە چووە نێو فریزی یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بۆ زانینی وردەکاریی زیاتر لەسەر چیمەنی یاریگەکە گوتی، "من پێشتر چەند جارێک وەک یاریزان و راهێنەر هاتوومەتە ئەم یاریگەیە، بردوومەتەوە و دۆڕاویشم، بەڵام نازانم ئەمجارە چی روودەدات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ