هەموو جیهان چاوەڕێی یاری ئەمشەویانە.. ئامارەکانی مێسی و رۆناڵدۆ لە چامپیۆنزلیگدا

08-12-2020
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-

رووداو دیجیتال

هەموو جیهان چاوەڕێی دووبارە رووبەڕووبوونەوەی لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆن، کە دوو ساڵ و 7 مانگ و 3 رۆژە بەرامبەر یەکدی یارییان نەکردووە، هەموو میدیای جیهانیش بایەخ بە ئامارەکانی ئەو دوو یاریزانە لە چامپیۆنزلیگدا دەدەن.

ئەمشەو کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، هەردوو یانەی بارسێلۆنا و یوڤێنتوس لە گەڕی کۆتایی قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگدا لەسەر یاریگەی کامپ نو رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە و تێیدا مێسی و رۆناڵدۆ دوای زیاتر لە دوو ساڵ و نیو جارێکی دیکە یاری لەدژی یەکدی دەکەنەوە.

ئەگەر ئاوڕێک لە ئامارەکانی ئەو دوو ئەفسانەیە لە چامپیۆنزلیگدا بدەینەوە، دەبینین کە مێژوویەکی سەرسوڕهێنەریان لەم پاڵەوانێتییە گەورەیەدا تۆمارکردووە.

کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی، تاوەکو ئێستا لە چامپیۆنزلیگدا 173 یاری بۆ یانەکانی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، ریال مەدریدی ئیسپانی و یوڤێنتوسی ئیتالی کردووە، 132 گۆڵی تۆمارکردووە، خاوەنی 39 ئاسیستە، 5 جار نازناوەکەی بردووەتەوە، جارێک بۆ مانچێستەر یونایتد و 4 جاریش بۆ ریال مەدرید. رێژەی گۆڵکردنی لە هەر یارییەکی چامپیۆنزلیگدا 0.76 گۆڵە.

لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی، تاوەکو ئێستا لە چامپیۆنزلیگدا 146 یاری بۆ یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی کردووە، 118 گۆڵی تۆمارکردووە، خاوەنی 35 ئاسیستە، 4 جار نازناوەکەی بۆ بارسێلۆنا بردووەتەوە، رێژەی گۆڵکردنی لە هەر یارییەکی چامپیۆنزلیگدا 0.80 گۆڵە.

تۆری ئۆپتای تایبەت بە ئاماری یاریزانان، دەڵێت "کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی تاکە دوو یاریزانن لە مێژووی چامپیۆنزلیگدا زیاتر لە 100 گۆڵیان تۆمارکردووە".

لە رووی رووبەڕووبوونەوەکانی نێوانیان، لە چامپیۆنزلیگدا 5 جار رووبەڕووی یەکدی بوونەتەوە، مێسی دووجار بەسەریدا سەرکەوتووە و رۆناڵدۆش جارێک، دووجاریش یەکسانبوونە، بەشێوەیەکی گشتی لە هەموو خول و پاڵەوانێتییەکاندا، مێسی و رۆناڵدۆ 35 جار دژی یەکدی یارییان کردووە. مێسی 16 جار براوەبووە و رۆناڵدۆش 10 جار لە مێسی بردووەتەوە و 9 جاریشبەڵام  یەکسانبوونە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە