رووداو هەولێر
ئەحمەد سەرتیپ، ئەستێرەی لاوی کورد و یانەی هەولێر، مانەوەی لە یانەکەی پایتەختی کوردستان بۆ وەرزی داهاتووی خولی نایابی عێراق ئاشکراکرد.
ئەم یاریزانە لە سەرەتای وەرزی ئەمساڵ بەهۆی پێکانێکی قورس لە یاریگەکان دوورکەوتەوە و نەیتوانی لەگەڵ تیپەکەیدا بەردەوامبێت لە یاریکردن. دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری و چارەسەری پزیشکی ئێستا راهێنانی سووک لەنێو یاریگەدا ئەنجامدەدات.
ئەحمەد سەرتیپ، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند "باری تەندروستیم زۆر باشە و بۆ سەرەتای وەرزی داهاتوو یاری دەکەم، بەڕاستی بۆ من وەک یاریزان زۆر ناخۆش بوو بەهۆی پێکان دووربووم لە یانەکەم، بەڵام رازیم بە قەدەری خوای گەورە و هەوڵدەدەم بۆ داهاتوو باشتر لە جاران دەربکەوم".
ئەحمەد سەرتیپ، لە تیپی تازەپێگەیشتووان و لاوانی هەولێر دەرکەوتووە و نازناوی لولوی پێدراوە، بووەتە جێگای بایەخی یانەکانی دیکەش دوای ئەوەی چەند وەرزێک یاری لەگەڵ یانەی هەولێر کردووە، لە ریزی هەریەک لە یانەکانی زەورا، نەفت و زاخۆ یاری کردووە.
سەرتیپ زیاتر بە رووداوی گوت "زۆر لە یانەکان پەیوەندییان پێوە کردووم بەمەبەستی گرێبەست و یاریکردن بۆیان، بەڵام من دەمەوێ قەرەبووی دابڕانم لە وەرزی ئەمساڵ بۆ یانەی هەولێر بکەمەوە، دەمەوێ وەرزی داهاتوو خزمەتی یانەکەم بکەم و دڵی هاندەرانی خۆش بکەم".
ئەحمەد سەرتیپ، لەگەڵ هەڵبژاردەی تازەپێگەیشتووان، لاوان و ئۆڵیمپی عێراق یاریکردووە و وەک ئەستێرەیەکی کورد ئاستێکی بەرزی پێشکێشکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ