رووداو دیجیتاڵ
محەمەد سەڵاحی ئەستێرەی یانەی لیڤەرپوول، درێژەیدا بە ئاستی ناوازە و شکاندنی ژمارە پێوانەییەکان لە یاریی یانەکەی بەرامبەر ساوسامپتۆن لە گەڕی 28ی پرێمەرلیگ.
یارییەکە لە بەرژەوەندیی لیڤەرپوول بە 3 - 1 گۆڵ کۆتاییهات، سەڵاح دوو گۆڵی لە دوو لێدانی سزاوە تۆمارکرد لە خولەکەکانی 56 و 88 و بەوەش کۆی گۆڵەکانی لە وەرزی ئەمساڵی پرێمەرلیگ گەیاندە 28 گۆڵ.
بەپێی ئامارەکان، سەڵاح لە وەرزی ئەمساڵدا کۆی بەشدارییەکانی لە گۆڵ، ئەسیست و گۆڵ، گەیاندووەتە 44 بەشداری.
سەڵاح هەروەها لەگەڵ سێرجیۆ ئاگوێرۆی ئەرجەنتینی چووە پێشەنگی گۆڵکەرانی بیانیی مێژووی پرێمەرلیگ بەتۆمارکردنی 184 گۆڵ بۆ هەریەک لەو دوو یاریزانە.
داتاکان روونیدەکانەوە کە سەڵاح یەکەم یاریزانی مێژووی لیڤەرپوولە لە پرێمەرلیگ کە لە وەرزێکدا زۆرترین گۆڵ و ئەسیستی هەبێت و ژمارەی پێشووش هەربەناوی خۆیەوە بوو بە 42 گۆڵ.
داتاکان هەروەها ئاشکرایانکردووە، کە سەڵاح ناوی چووەتە نێو لیستێکەوە کە تایبەتە بەو یاریزانانەی لە وەرزێکدا 10 گۆڵ یان زیاتری لە یاریگەی خۆیدا تۆمارکردووە و هەمان ژمارەشی لە دەرەوەی یاریگەی تیپەکەی تۆمارکردووە.
هەریەکە لە هاری کەین و ئێرلینگ هالاند هاوتای سەڵاحن لەو ژمارەیەدا.
بەبردنەوەی ئەمڕۆ، لیڤەرپوول هەنگاوێکی دیکە لە بەدەستهێنانی نازناوی پرێمەرلیگی ئەمساڵ نزیکبووەوە، لە کاتێکدا یانەکە لە کۆی وەرزەکەدا تەنیا یەک یاریی دۆڕاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ