کەریمیش لە قافا گیرا

08-03-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کەریم بنزیما مارتا ریسکۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

خانمە پەیامنێرێکی ئیسپانی، وردەکاریی پەیوەندییە سۆزدارییەکەی لەگەڵ کەریم بنزیمای فەرەنسی، ئەستێرەی ئێستای یانەی ئیتیحادی سعودی، لە ماوەی پێشووی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید ئاشکرا دەکات.
 
مارتا ریسکۆ، خانمە پەیامنێری ئیسپانی، ئاشکرایکرد کە ئەوکاتەی بنزیما یاریزانی ریال مەدرید بووە، داوای لە کەسێکی دیکە کردووە ژمارەی تەلەفۆنەکەی بۆ وەربگرێت، دواتر نامەیەکی پێگەیشتووە کە خۆی بە برای کەریم بنزیما ناساندووە، بەڵام دواتر کەریم دانی بەوەدا ناوە کە خۆی بووە.
 
مارتا دەڵێت "نامەیەکم بۆ هات، نووسیبووی 'سڵاو، من برای کەریمم'، بەڵام دوای ماوەیەک دانی بەوەدا نا کە خۆی نامەکەی ناردووە".
 
لە ساڵی 2014 هەواڵی زۆر لەسەر پەیوەندی نێوان بنزیما و مارتا ریسکۆ بڵاوکرایەوە، گوایە بەنهێنی یەکدی دەبینن، هەرچەندە ریسکۆ ئەوکات ئەو بابەتەی رەتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان تەنیا هاوڕێی یەکدین.
 
مارتا ریسکۆ یەکێکە لە رۆژنامەڤانە بەنێوبانگەکانی تەلەڤزیۆنی ئیسپانیا، دەستی بە کاری پەیامنێری کردووە لە بەرنامەکانی یوگۆنێس و ئێل چیرینگویتۆ، هەروەها لە بەرنامەکانی دیکەی وەک پونتۆ پێلۆتا و ئێل پرۆگرامی دی ئانا رۆزادا کاری کردووە، و ئێستا وەک پەیامنێر لە بەرنامەی نی کوێ فورموس کاردەکات.
 
ئەو خانمە پەیامنێرە ئیسپانییە، لەم دواییانەدا لە پۆدکاستێکدا زۆر کەسی تووشی سەرسوڕمان کرد کاتێک راشکاوانە سەبارەت بە پەیوەندییەکەی لەگەڵ کەریم بنزیما قسەی کرد.
 
لەو ماوەیەی پەیامنێر بوو لە بەرنامەی ئێل چیرینگویتۆ، مارتا زۆرجار لەدەرەوەی ناوەندی مەشقەکانی ڤاڵدێبیباس بوو بۆ رووماڵکردنی هەواڵەکانی ریال مەدرید، لەوێ سەرنجی کەریم بنزیمای راکێشا و چیرۆکەکەش بە کردەوەیەکی زۆر سەرسوڕهێنەری هێرشبەرە فەرەنسییەکە دەستیپێکرد.
 
سەرەتای پەیوەندییەکە
 
مارتا ریسکۆ دەڵێت "ستایلی قسەکردنی کەریم بۆ سەرنجڕاکێشانم زۆر سەیر بوو، لەبری ئەوەی راستەوخۆ بێتە بەرامبەرم، داوای لە کەسێکی دیکە کرد ژمارەی تەلەفۆنەکەم وەربگرێت، دواتر نامەیەکم پێگەیشت کە نووسیبووی: سڵاو، من برای کەریمم، بەڵام دوای ماوەیەک دانی بەوەدا نا کە خۆی نامەکەی ناردووە".
 
ئاماژەی بەوەشکرد "پەیوەندیم لەگەڵدا هەبووە، بەڵام هیچ پەیوەندییەکی راستەقینە نەبووە، بەدڵنیاییەوە چیرۆکێکی خۆشەویستی جددی نەبوو، تەنیا چەند جارێک یەکدیمان بینی، بەڵام ئەو خۆشەویستم نەبوو".
 
هەرچەندە پەیوەندییەکە گەشەی نەکرد، بەڵام دیدارەکەی لەگەڵ بنزیما یادگارییەکی لەبیرنەکراوی بۆ بەجێهێشت و یەکێک بوو لە ساتە پێکەنیناوییەکان، کە کەریم بۆ یەکەمجار رۆیشتە ماڵەکەی بۆ ئەوەی هەڵیبگرێت.
 
ریسکۆ لەو بارەیەوە دەڵێت "ئەو رۆژە، پەیامێکم پێگەیشت کە نووسیبووی 'من لەژێر ماڵەکەتدام'، بەڵام نەمدۆزییەوە، کاتێک لێم پرسی لە کوێی، تەنیا گەنجێکی باڵاکورتی رەشپێستم بینی کە لەبەردەم دەرگاکەدا وەستابوو و دەستی بۆ دەجوڵاندم. پەیوەندی پێوەکردم و گوتی برادەری کەریمە، هاتووە بۆ گەیاندنم".
 
ئەو خانمە دووپاتیکردەوە کە ئەو شێوازەی بیبینی لەگەڵ ئەستێرە فەرەنسییەکە رەتکردووەتەوە و جەختیشیکردەوە "پێم گوت 'پێتوایە من کێم؟ ناتوانم بەم شێوەیە لەگەڵت بێمە دەرەوە. من یەکێک نیم لەو کەسانەی بانگهێشتی رۆژنامەنووسان دەکەن بۆ ئەوەی وێنەیان بگرن، بەڵام حەزم لەم کۆبوونەوە نهێنییانە نییە بەم شێوەیە". 
 
ئەو دەڵێت "دوای تەنیا 10 خولەک، بنزیما خۆی بە ئۆتۆمبێلەکەی گەیشتە پێش ماڵمان بۆ ئەوەی بمبات".
 

کۆتایی پەیوەندییەکە

لە درێژەی قسەکانیدا ریسکۆ دەڵێت "دوو سێ جار یەکدیمان بینی و هیچی دیکە رووی نەدا، زۆر رێزی لێدەگرتم، بەڵام شتگەلێک لە کەسایەتییەکەیدا هەبوون کە من حەزم لێیان نەبوو، بۆیە پێم باشتربوو کۆتایی بەو بابەتە بهێنم، بیرم لە هیچ شتێکی دیکە نەکردەوە".
 
کەریم بنزیما، مێژوویەکی جوانی لەگەڵ ریال مەدرید تۆمارکردووە، کە بۆ ماوەی 14 ساڵ درێسەکەی لەبەرکردووە.
 
بنزیما یەکێکە لە گۆڵکارە گەورەکانی مێژووی یانەکە، لە 648 یارییدا 354 گۆڵی تۆمارکردووە، بەمەش دەبێتە دووەم گۆڵکاری مێژوویی یانەکە لەدوای کریستیانۆ رۆناڵدۆ.
 
یاریزانە فەرەنسییە بەڕەچەڵەک جەزائیرییەکە 25 نازناوی لەگەڵ یانەی شاهانە بەدەستهێناوە، لەوانە 5 نازناوی چامپیۆنزلیگ، 4 نازناوی لالیگا و 3 جامی شای ئیسپانیا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە