ڤیدیۆ.. ئابڕووچوونێکی گەورە لەنێو یانەی مانچێستەر سیتی هەرا دەنێتەوە

08-03-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
مانچێستەر سیتی
مانچێستەر سیتی
نیشانەکردن مانچێستەر سیتی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەکی کایل واکەر، بەرگریکاری ئینگلیزی و یانەی مانچێستەر سیتی لە یانەیەکی شەوانەدا لەگەڵ کچێک هەرا دەنێتەوە و میدیای ئینگلتەراش دەڵێت " ئەگەری هەیە یاریزانەکە بە دەستدرێژیکردن تۆمەتباربکرێت."
 
رۆژنامەی زە سەنی ئینگلیزی ڤیدیۆ و وێنەی بەرگریکارەکەی مانچێستەر سیتیی لە یانەیەکی شەوانەدا بڵاوکردووەتەوە، کە تێیدا دەردەکەوێت چەندجارێک دەست بۆ کچێک دەبات و رۆژنامەکە دەڵێت " یاریزانەکە سەرخۆش بووە و ئەگەری هەیە ئەم هەڵسوکەوتانەی بە گاڵتەکردن ناوببات، بەڵام ئەگەر ئەمەی بەسەردا سەلمێنرا و بەدەستدرێژی هەژمارکرا، ئەگەری هەیە یاریزانەکە بۆ دوو ساڵ سزای زیندانیکردنی بەسەردا بسەپێندرێت."
 
رۆژنامە بەریتانییەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، یاریزانەکە 32 ساڵەکە هەموو دیمەنەکانی نزیکبوونەوەی لە ژنەکە لە کامێرەکانی چاودێریی یانەکەدا تۆمارکراون، ئەو ژنەشی لەگەڵی دەردەکەوێت تەنیا هاوڕێیەتی و لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی دیکەی بەیەکەوە چوونەتە یانەیەکی شەوانە و بە سەرخۆشی کاتەکانیان بەیەکەوە بەسەربردووە و رووداوەکەش ئێوارەی رۆژی یەکشەممە روویداوە.
 
کایل واکەر، یاریزانی یانەی مانچێستەر سیتییە، ژیانی هاوژینیی لەگەڵ ئانی کیلنەر پێکهێناوە و خاوەنی 4 منداڵە، بەڵام ئەنجامدانی ئەم رەفتارانە و بڵاوبوونەوەی وێنە و ڤیدیۆکانی لە یانەیەکی شەوانەدا ئەگەری هەیە کێشە بۆ خۆی و ماڵباتەکەی دروستبکات.
 
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا چەند یاریزانێک لەسەر ئاستی جیهان، بەتایبەتیش لە ئەوروپا بۆ هەمان پرس چوونەتە بەردەم دادگا، ئەگەر کایل واکەر بە دەستدرێژیکردن تۆمەتبارکرا، ئەوا دەبێتە دووەم یاریزانی مانچێستەر سیتی دوای بێنیامین مێندی، کە تاوەکو ئێستا بەتەواوی پرسەکەی یەکلانەبووەتەوە و زیاتر لە ساڵێکە لە یاریگەکان دوورکەوتووەتەوە.
 
چەند هەفتەیەک لەمەوبەر مەیسن گرینوود، یاریزانی یانەی مانچێستەر یونایتد بێ تاوان دەرچوو، دوای ئەوەی بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر کچێک زیندانی کرا و لە یانەکەشی دوورخرایەوە.
 
لە دەرەوەی ئینگلتەرا دیارترین پرسی پەیوەندیدار بەم بابەتەوە دەستدرێژیکردنی ئەشرەف حەکیمی، ئەستێرەی مەغریب و یانەی پاریس سانجێرمانە بۆ سەر خانمێک، کە بەو هۆیەوە هاوژینی یاریزانەکە داوای جیابوونەوەی کردووە و یاریزانەکەش تووشی کێشەی گەورە بووە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە