لە ئۆڵیمپیادی پاریس 300 هەزار کۆندۆم بەسەر وەرزشواناندا دابەشکراوە

07-08-2024
ئەحمەد حاجی @AhmedHajy10
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە گوندی ئۆڵیمپیی پاریس، 300 هەزار کۆندۆم بەسەر وەرزشوانان و ئەندامانی شاندی تیپە وەرزشییەکانی وڵاتانی بەشداردا دابەشکراوە و هەر نیشتەجێیەکی گوندەکە 21 کۆندۆمی بەردەکەوێت.
 
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، رێکخەرانی ئۆڵیمپیادی پاریس کۆی 300 هەزار کۆندۆمیان بەسەر 14250 نیشتەجێی گوندی ئۆڵیمپیدا دابەشکردووە کە پێکهاتوون لە یاریزانان، راهێنەران و ئەندامانی کارگێڕیی تیپ و هەڵبژاردە بەشدارەکانی ئۆڵیمپیاد.
 
پێشتر لە ئۆڵیمپیادی تۆکیۆ کە ساڵی 2021 بەڕێوەچوو، بەرپرسانی ئۆڵیمپیادەکە هەمووجۆرە تێکەڵبوون و بەریەککەوتنێکیان لەنێوان وەرزشوانان قەدەخەکردبوو، بەهۆی بوونی ترسی گەورە لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، بەڵام لە ئۆڵیمپیادی پاریس، بەریەککەوتن و پەیوەندی دروستکردن رێگەپێدراوە.
 
رێکخەرانی ئۆڵیمپیادی پاریس، کۆی 300 هەزار کۆندۆمی تایبەت بە ئۆڵیمپیادی پاریسیان بەسەر هەموو نیشتەجێیانی گوندی ئۆڵیمپیدا دابەشکردووە کە ژمارەیان 10714 یاریزان و 3500 ئەندامی کارگێڕیی تایبەت بەوڵاتانن.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، لەسەر بەرگی کۆندۆمەکان نووسراوە خۆتان بپارێزن لەو نەخۆشییانەی بەهۆی سێکسەوە دەگوازرێنەوە. لە دیوەکەی دیکەی نووسراوە داوای رەزامەندی بکە.
 
بەپێی لێکۆڵینەوە زانستییەکان یاریزانان لە هەفتەیەکدا دوو جار سێکس دەکەن، بەڵام بۆ رۆژانی ئۆڵیمپیاد یاریزانەکان بە نزیکەی رۆژی کۆندۆمێکیان بۆ دانراوە بۆ ئەوەی کاتێک سێکسیان کرد بەکاری بهێنن و ئەوەش ژمارەیەکی زۆری کۆندۆکە کە پێشبینیکراوە بەشێکی زۆریان لەلایەن نیشتەجێیانی گوندی ئۆڵیمپییەوە بەرکارنەهێنرێن.
 
ئەمە یەکەمجار نیە کە لە گوندی ئۆڵیمپی کۆندۆم بەسەر یاریزان دابەش دەکرێت، بەڵکو لە ئۆڵیمپیادی ساڵی 1988بوو کە لە شاری سیئۆڵی پایتەختی کۆریای باشوور ئەنجامدرا، ئەوکات تەنیا 8500 کۆندۆم بەسەر یاریزانان دابەشکران، ریکۆردی زۆرترین کۆندۆم لە ئۆڵیمپیاد لە ساڵی 2016 بوو کە لە ریۆ دی جانێرۆی بەرازیل بوو و 450 هەزار کۆندۆم ئەو کات بەسەر یاریزاناندا دابەشکران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە