ڤیدیۆ؛ میدیای ئێران بۆ هەواڵی گواستنەوەی وریا غەفووری پشت بە رووداو دەبەستێت

07-07-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
وریا غەفووری
وریا غەفووری
نیشانەکردن وریا غەفووری
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای 6 ساڵ یارییکردن لە یانەکە و نووسینەوەی مێژوویەکی گەورە دواجار، وریا غەفووری، ئەستێرەی کوردی یانەی ئیستقلال تاران، بەدڵتەنگییەوە و بەتەنیا سێ وشە ماڵئاوایی لە یانەکە کرد.
 
وریا بەهۆی هەڵوێستەکانی و پاڵپشتیکردنی خەڵکی ناڕازیی ئێران، رووبەڕووی کێشەی زۆر بووەوە، دوای کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەشی چاوەڕێی هیوایەک بوو بۆ ئەوەی لەگەڵ یانەکە بمێنێتەوە و گرێبەستەکەی نوێبکرێتەوە، بەڵام کارگێڕیی یانەکە بەربەستی بۆ دروستکرد و گرێبەستەکەی نوێنەکرایەوە، ئەویش بە سێ وشە دەڵێت " ماڵئاوا ئیستقلالی پاڵەوان."
 
وریا لە تەمەنی 35 ساڵی نزیکدەبێتەوە، ئەو خاوەنی ناوبانگێکی زۆر و ئەزموونێکی گەورەیە، دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی رۆیشتنی یاریزانەکە لە یانە شین پۆشەکەی پایتەختی ئێران، جەواد نیکۆنام، راهێنەری یانەی فۆلاد خۆزستانی ئێرانی، کە پەیوەندییەکی زۆرباشی لەگەڵ وریا هەیە راستەوخۆ هاتووەتە سەرهێڵ بۆ ئەوەی یاریزانەکە بباتە یانەکە و دەستەوارەی فەرمیشی پێشکێشکردووە.
 
میدیای ئێران بەگرنگییەوە باس لە گرنگیدانی یانەی هەولێر بە یاریزانە کوردەکە دەکات، هەرچەند بەهۆی بەرزی نرخەکەیەوە ئاسان نییە هەولێر بتوانێت ئەو یاریزانە بباتە ریزەکانی.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، نزیکەکانی وریا غەفووری پەیوەندییان بە یانەی هەولێرەوە کردووە و یاریزانەکەش بەدواداچوون بۆ خولی عێراق و یانەکە دەکات، بەرلەوەی بڕیاری کۆتایی بدات.
 
میدیای ئێران بە گرنگییەوە باس لە ئەگەری گواستنەوەی وریا غەفووری بۆ یانەی هەولێر دەکات و تۆڕی میدیایی رووداو وەک یەکەم سەرچاوەی هەواڵەکە بەکاردەهێنێت.
 
وریا غەفوری خەڵکی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە، ئەو لەکاتێکدا لە یانەی ئیستقلال دەڕوات، هاندەرانی یانەکە بە ئەستێرەی یەکەمی یانەکە ناوی دەبەن و بۆ ئەوان هەرگیز ئاسان نییە یاریزانەکە بەدرێسی یانەیەکی دیکەوە ببینن.
 
یاریزانە کوردەکە 135 یاریی بۆ ئیستقلال کردووە، خاوەنی 19 گۆڵە و 28 یارییشی بۆ هەڵبژاردەی ئێران ئەنجامداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە