رووداو دیجیتاڵ
یانەی هەولێر دووچاری شکستێکی دیکە بوو. لە گەرمەی یاریی یانەکە بەرامبەر مینا لە نێو یاریگەی خۆی، لە بەشی ڤی ئای پی یاریگەی فرانسۆ هەریری شەڕە بۆکس روویدا. سەمیر بابۆ بەنیگەرانییەوە هەڕەشەی کرد و هاندەران کاردانەوەی تووندیان هەبوو.
لە هەفتەی 23ی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی هەولێر لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی یانەی مینای حەڤدەیەمی ریزبەندی خولەکەی کرد و بەتاکە گۆڵی کەرار جەعفەر لە خولەکی 89 دۆڕا.
لەسەرەتاکانی دەستپێکردنی یارییەکەدا، گرژی و پێکدادان لە نێو بەشی ڤی ئای پی میوانانی نێو یاریگەی فرانسۆ هەریری روویدا و ئەوەش کەشێکی نامۆی بەسەر یارییەکەدا زاڵکرد.
دواتر روون بووەوە کە شێرکۆ کەریم، کاپتنی یانەکە و ئەندامێکی دەستەی کارگێریی یانەکە پێکداهەڵشاخاون و خەڵکانی ئامادەبووی شوێنەکە لەیەکدییان کردوونەتەوە.
لە پاش یارییەکە، کاردانەوەی هەمووان تووند بوو. بەشێک لە یاریزانان و راهێنەری هەولێر پاش زیاتر لە کاژێرێک لەمانەوە لە ژووری جلگۆڕین، ئینجا هاتنە دەرەوە.
هاندەرانی هەولێر بەتووڕەیی و نیگەرانییەوە لە یاریگە چوونە دەرەوە. رووداو کاردانەوەی هاندەرانی هەولێری لەدوای یارییەکە وەرگرت و زۆرینەیان گلەییان لە سەمیر بابۆی راهێنەری یانەکە کرد.
هەندێک لە هاندەرانی هەولێر پێیانوایە گۆڕانکارییەکانی سەمیر بابۆ لە یارییەکەدا زۆر درەنگ بوون، لە کاتێکدا هەندێکی دیکە پەنجەی تۆمەت بۆ ئاستی لاوازی چەندین یاریزان درێژ دەکەن و دەڵێن ئەوانە شایستەی ئەوەنین درێسی هەولێر بپۆشن.
سەمیر بابۆ لە دوای یارییەکە، داوای لێبوردنی لە هاندەرانی یانەکەی کرد و گوتی هەرچۆنێک بووایە، نەدەبوو بدۆڕێین.
راهێنەری هەولێر گوتی ژینگەیەکی نەگونجاوی کارکردن لەنێو یانەی هەولێر هەیە و نزیکەی چوار، پێنج مانگە لەنێو ئەو جۆرە ژینگەیەداین و نزیکترین کەس کێشەمان بۆ دروستدەکات.
بەبێئەوەی ناوی کەس بهێنێت گوتی، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی کە نزیکترینە لە تیپەکە، سووکایەتی بەکاپتنی یانەکە کردووە.
بابۆ دەڵێ، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی هەیە پێی خۆش نییە تیپەکە بباتەوە. دووپاتیدەکاتەوە ئەوەی بەرامبەر کاپتنی تیپەکە کراوە، سووکایەتییە بەهەمووان، هەربۆیە تاوەکو کێشەکە چارەسەر نەکرێت، وەکئەو دەڵێ، "نایەینەوە ئەم یانەیە".
راهێنەری هەولێر دەڵێ، من دەستلەکارناکێشمەوە و بەرپرسم بەرامبەر شارەکەم و هاندەرانی یانەکە. ئەو دەڵێ من پێویستم بەمانەوە لەو یانەیە نییە، بەڵام بێکەسترین یانە یانەی هەولێرە و دەبێ کێشەکان چارەسەر بکرێن.
بابۆ دەڵێ، پارە نییە و یاریگە نییە و بەردەوامیش کێشەمان بۆ دروستدەکەن، ئیدی ناتوانین بەرگەی بگرین و دەبێ ناسەقامگیریی یانەکە کۆتایی پێ بێت و ئەگەر کێشەکان چارەسەر نەکرێن، مەحاڵە بێینەوە بۆ مەشقکردنیش.
شێرکۆ کەریم لای خۆیەوە رەتیکردەوە هیچ شتێک روویدابێت و گوتی، هەموو ئەوانەی لە یانەکەن برا گەورەی منن.
هەولێر لە دوای ئەم شکستە، هەولێر لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقە بەکۆکردنەوەی 32 خاڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ