وردەکارییەکانی گرێبەستی جولیان ئەلڤارێز لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدرید

06-08-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن جولیان ئەلڤارێز گواستنەوەی یاریزانان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی نزیکە لە ئەنجامدانی یەکێک لە گەورەترین گرێبەستەکانی لە مێژووی خۆیدا و جولیان ئەلڤارێزی ئەرجەنتینی دەباتە ریزەکانی.
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئینگلتەرا و ئیسپانیا، جولیان ئەلڤارێز لە مانگی ئاداری رابردوو نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی مانچێستەر سیتی رەتکردووەتەوە و ئاتلێتیکۆ مەدرید نزیکە لە راگەیاندنی گرێبەستەکەی بۆ یانەکە.
 
یانە ئیسپانییەکە کارەکانی گواستنەوەی ئەو یاریزانەی گەیاندووەتە قۆناخی کۆتایی و راگەیاندنی گرێبەستەکەی لە ئانوساتدایە.
 
بەپێی دوایین گۆڕانکارییەکان، گرێبەستی ئەو یاریزانە 90 بۆ 95 ملیۆن یۆرۆی تێدەچێت، 70 ملیۆن پاوەند لەلایەن یانە ئیسپانییەکەوە بە کاش دەدرێتە یانەی مانچێستەر سیتی و 20 ملیۆن پاوەندیش وەکو گۆڕانکاری لە گرێبەستەکەدا جێگەی کراوەتەوە و ئەگەری هەیە ئەمڕۆ بەشێوەیەکی کۆتایی کارەکانی گرێبەستەکەی تەواوبکرێن.
 
لە ئەگەری تەواوبوونی کارەکانی گرێبەستی ئەو یاریزانە بۆ ئاتلێتیکۆ مەدرید، جولیان ئەلڤارێز دەبێتە گرانترین یاریزان لە یانەی مانچێستەر سیتی فرۆشرابێت و گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی پایتەختی ئیسپانیا بۆ 5 ساڵ دەبێت.
 
گواستنەوەی جولیان ئەلڤارێز لەلایەن ئاتلێتیکۆ مەدریدەوە دەبێتە سێیەم گرێبەستی ئەو یانەیە بۆ وەرزی نوێ، لەکاتێکدا گرێبەستی لەگەڵ رۆبن لێ نۆرماند واژۆکردووە، کارەکانی گواستنەوەی کۆنۆر گالاگێری تەواوکردووە و جولیان ئەلڤارێزیش کارەکانی گواستنەوەی لە قۆناخی کۆتاییدان.
 
ئەلڤارێز تەمەنی 24 ساڵە، لە ساڵی 2022 بەرامبەر 21.40 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی مانچێستەر سیتی کرد، 225 یاریی لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا بۆ ئەو یانەیە ئەنجامداوە و 90 گۆڵی تۆمارکردووە، لەگەڵ یانەکە دوو نازناوی پرێمەرلیگ و نازناوێکی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، نازناوێکی جامی جیهانی یانەکان و یەکێکی جامی سوپەری ئەورووپای بەدەستهێناوە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە