"سوپرایزە گەورەکەی هەولێر گواستنەوەی وریا غەفووری دەبێت"

06-07-2022
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن وریا غەفووری
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی هەولێر بیر لە ئەنجامدانی سوپرایزێکی گەورە بۆ هاندەرانی دەکاتەوە و ئەگەری هەیە یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی تۆپی پێی ئاسیا بباتە ریزەکانی و سبەی سەرۆکی یانەکە دەچێتە ئێران.
 
سەرۆکی یانەی هەولێر لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە ئاشکرایدەکات، پێشنیازی گواستنەوەی وریا غەفووری، ئەستێرەی کورد و کاپتنی پێشووی یانەی ئیستقلالی ئێرانیان پێدراوە.
 
وریا غەفووری کە ئەستێرەیەکی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانە و باشترین یاریزانی یانەی ئیستقلال بوو، خاوەن هەوادارێکی زۆرە، وەلید عارەب سەرۆکی یانەی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەت بەرووداو رایگەیاند، خەڵکانێکی زۆر پێشنیاری ئەوەیان پێداوین کە گرێبەست لەگەڵ وریا غەفووری واژۆ بکەین.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، یاریزانەکەی پێشووی هەڵبژاردەی ئێران داوای نزیکەی 377 هەزار دۆلار دەکات بۆ وەرزێکی تەواو، واتا زیاتر لە 37 دەفتەر دۆلار.
 
هەر بەپێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، سبەی دکتۆر وەلید عارەب، سەرۆکی یانەی هەولێر بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکان لەبارەی گواستنەوەی یاریزانەکە دەچێتە ئێران."
 
عارەب گوتی، ئێمە دەزانین غەفووری یاریزانێکی زۆر باشە و بەو خەڵکە دڵسۆزەمان گووتوە چی لێمان دەوێت و داواکاریی چییە، گەر گونجاو بوو کارەکان بەفەرمی بکەین، راستە راهێنەری ئێمە وریا غەفووری نەدیتووە، بەڵام ئەو یاریزانە بە ئەزموونە. 
 
یانەی هەولێر دوای نوێکردنەوەی گرێبەستی نزار مەحروس، راهێنەری سوریی یانەکە بۆ وەرزی داهاتوو، تاوەکو ئێستا گرێبەستی لەگەڵ هەریەکە لە ئەحمەد ئیبراهیم، بەرگریکاری یانەی قوە جەوییە، هیلیۆ مۆنتێرۆ و برونۆ ئۆلیڤێرای بەرازیلی و یاریزانانی یانەی زاخۆ و محەممەد موحسین، یاریزانی یانەی دیوانییە واژۆکردووە و نیاز محەممەدیشی لە یانەی شورتەوە گەڕاندەوە ریزەکانی.
 
سەرۆکی یانەی هەولێر پێشتر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو، بۆ وەرزی داهاتوو دەیانەوێت رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکان بکەن و بگەڕێنەوە نێو رکابەرییەکانی بردنەوەی خولی عێراق.
 
وریا غەفووری، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئێران و یانەی ئیستقلال تارانی ئەو وڵاتە، بەهۆی هەڵوێستەکانییەوە بۆ بەرگریکردن لە خەڵکی ناڕازیی ئێران رووبەڕووی کێشەی زۆر بووەوە و بەو هۆیەشەوە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە نوێنەکرایەوە، بۆیەش ئێستا یاریزانەکە بەبێ یانە ماوەتەوە.
 
وریا غەفووری، یاریزانێکی دیاری ئێران و کیشوەری ئاسیایە، تەمەنی 34 ساڵە و خەڵکی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە، لە یانەکانی پاس هەمەدان، شەهرداری تەبرێز، نەفت تەهران، سێپەهان و ئیستقلال تاران یارییکردووە.
 
لەسەر ئاستی هەڵبژاردەی ئێران یاریزانە کوردەکە 27 یارییکردووە و کاپتنی یانەی ئیستقلال بووە.
 
وریا غەفوری، پێشتر جارێک لە یاریگەی فرانسۆ هەریری یارییکردووە، کاتێک یانەی ئیستقلال لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیادا بەرامبەر یانەی شورتەی عێراقی یارییکرد.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە