رووداو دیجیتاڵ
ئێریک تێن هاگ، راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی دەیەوێت لە هاوینی داهاتوودا یانەکەی بەجێبهێڵێت و پەیوەندی بە یانەیەکی گەورەی ئەوروپاوە بکات.
دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا بەڕێککەوتنی هەردوولا، بڕیاردرا لە کۆتایی ئەم وەرزەدا تۆماس تۆخێل لە پۆستی راهێنەرایەتی بایرن میونشن نەمێنێت، یانە باڤارییەکە بەدوای شوێنگرەوەیەکی راهێنەرەکەدا دەگەڕێت و چەندین راهێنەری ئەوروپا ناویان بە یانەکەوە بەستراوەتەوە.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەڤان فلۆریان پلێتێنبێرگ، بایرن چاودێری تێن هاگ دەکات و وەک یەکێک لە پاڵێوراوەکانی دادەنێت بۆ وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکە. لای خۆشییەوە، راهێنەرە هۆڵەندییەکە ئارەزووی پەیوەندیکردنی بە بایرنەوە هەیە و ئێستا تەنیا چاوەڕێی ئەوە دەکات لە هاویندا مانچێستەر یونایتد دووری بخاتەوە یان رێگەی پێبدات بڕوات.
تادێت هەواڵی رۆیشتنی تێن هاگ لە مانچێستەر یونایتد روو لە زیادبوونە، بەتایبەتی کە یانەکە بەدۆخێکی خراپدا تێپەڕدەبێت و لە پلەی هەشتەمی ریزبەندی پرێمەرلیگ دێت. تاکە هیوا بۆ ئەوەی بەدەستی بەتاڵ کۆتایی بە وەرزەکە نەهێنێت بردنەوەیە لە مانچێستەر سیتی لە یاریی کۆتایی ئێف ئەی کەپ، کە ساڵی رابردوو لە هەمان قۆناخ بەرامبەر هەمان یانە تووشی شکست هات و نازناوەکەی لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ