وردەکاریی شەڕی واکەر و مۆپای

06-02-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە یاریی نێوان هەردوو یانەی مانچێستەر سیتی و برێنتفۆرد، گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان کایل واکەر، بەرگریکاری مان سیتی و نیڵ مۆپای، هێرشبەری برێنتفۆرد دروستدەبێت، راپۆرتێکی رۆژنامەڤانیش وردەکاری ئەو شەڕەیان ئاشکرا دەکات.
 
لە ماوەی رابردوودا ئاشکرابوو کە کایڵ واکەر چاوەڕێی دووەم منداڵی دەکات لە کچە مۆدێل، لۆرین گوودمن. دوای ئەو رووداوە ئەستێرە ئینگلیزییەکە لە ئانی کیڵنێری هاوسەری جیابووەوە و وەک خۆی دەڵێت، ئەو رووداوانە کاریگەرییەکی نەرێنی زۆری بەسەرەوە هەبوو و وایلێکردبوو بیر لە رۆیشتن لە ئینگلتەرا و پەیوەندیکردن بە یانەی بایرن میونشنەوە بکاتەوە. 
 
لە گەڕی 23ـی پرێمەرلیگ، یانەی مانچێستەر سیتی بووە میوانی برێنتفۆرد و یارییەکەی بە ئەنجامی 3-1 لێبردەوە.
 
لە کۆتاییەکانی یارییەکەدا، پشێوی و ئاژاوە لە نێوان واکەری بەرگریکاری مانچێستەر سیتی و نیڵ مۆپای هێرشبەری برێنتفۆرد درووستبوو، لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێت کە واکەر دەچێتە لای ناوبژیوانی چوارەم و ناڕەزایەتی دەردەبڕێت و پێی دەڵێت کە مۆپای باسی منداڵەکانی ئەوی کردووە. 
 
بەپێی رۆژنامەی دەیڵی مەیڵی بەریتانی واکەر لە کاتی گرژییەکەی لەگەڵ مۆپای بە ناوبژیوانی گوتوە "من لەو (مۆپای) دەدەم و بێهۆشی دەکەم." دواتر بەرگریکارەکەی مانچێستەر سیتی ئاماژە بۆ رێرەوی یاریزانان دەکات و بە مۆپای دەڵێت "لەوێ چاوەڕێم بکە".
 
هەرچەندە ناوبژیوان ویستی بارودۆخەکە هێوربکاتەوە، بەڵام بەپێی رۆژنامە بەریتانییەکە، واکەر لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەردەوامدەبێت و دەڵێت "ئەو (مۆپای) باسی منداڵەکانی کردم، نەک تەنیا جارێک، بەڵکو دوو جار ئەو کارەی کرد."، مۆپای لەو کاتەدا وەڵام دەداتەوە و دەڵێت "ئەوە درۆیە، من ئەو کارەم نەکردووە."
 
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە یاریی پێشووتری یانەکەیدا بەرامبەر تۆتێنهام، مۆپای گۆڵێک تۆماردەکات و بە شێوازی جەیمس مادیسۆنی ناوەڕاستکاری تۆتێنهام ئاهەنگ دەگێڕێت، کە ئەمەش کەمێک گرژی لێکەوتەوە و دوای یارییەکە مادیسۆن گوتی "پێموایە ئەو (مۆپای) لەم چەند ساڵەی دواییدا بەپێی پێویست گۆڵی تۆمارنەکردووە و نەیتوانیوە ئاهەنگگێڕانێکی تایبەت بەخۆی هەبێت، بۆیە پێویستی بەوە بووە ئاهەنگگێڕانەکەی من دووبارە بکاتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە