بەبێ ڤار ئاستن ڤێلا پێشەنگی پرێمەرلیگە و مان یونایتد هەشتەمە

06-01-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

 گەڕی بیستەمی یارییەکانی پرێمەرلیگ کۆتایی هاتووە و تاوەکو ئێستا 54 بڕیاری ناوبژیوانی یارییەکان لەلایەن ڤارەوە رەتکراونەتەوە و گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ریزبەندیی گشتی پرێمەرلیگ درووستکردووە.
 
رۆژنامەی سەن سپۆرت، ویستیویەتی کاریگەری ڤار بەسەر پرێمەرلیگەوە دەربخات و بۆ ئەو مەبەستە توێژینەوەیەکی ئەنجامداوە و تێیدا تەنیا بڕیاری ناوبژیوانان هەژمارکراوە و وادانراوە ڤار بوونی نییە، بەمشێوەیە هەموو ئەو لێدانە سزایانەی ناوبژیوان گرتوویەتی و ڤار رەتیکردووەتەوە، هەژماردەکرێت و وادادەنرێت گۆڵی پێتۆماردەکرێت، ئەو لێدانە سزایانەشی ناوبژیوان هەژماری نەکردووە و ڤار گرتوویەتی هەژمارناکرێن، هەروەها ئەو گۆڵانەی بەهۆی فاوڵ یان ئۆفساید لەلایەن ڤارەوە رەتکراونەتەوە، هەژماردەکرێن. 
 
لەم وەرزەی پرێمەرلیگدا، یانەی ئاستن ڤێلا بە 42 خاڵ پلەی دووەمی خولەکەی گرتووە و چوار خاڵ لە دوای لیڤەرپوولی پێشەنگە. لە یاری بەرامبەر بۆرنمۆس کە بە ئەنجامی 2-2 کۆتایی هات، ئاستن ڤێلا هێرشێک دەبات و دیێگۆ کارلۆس گۆڵ تۆماردەکات، بەڵام ڤار گۆڵەکەی رەتکردەوە بەهۆی ئەوەی لوکاس دین، یاریزانی یانەکە لە کاتی هێرشەکەدا لە ئۆفسایدا بووە، لە یارییەکی دیکەشدا بەرامبەر شێفیڵد یونایتد، لیۆن بەیلی گۆڵێک بۆ ئاستن ڤێلا تۆماردەکات، بەڵام ڤار بەبیانووی فاوڵ رەتی کردەوە و یارییەکە بە یەکسانبوون کۆتایی هات.
 
ئەگەر ئەو دوو گۆڵە رەتنەکرابانەوە، ئاستن ڤێلا لە ئەنجامەکە لە پێش دەبوو و لە توێژینەوەکەی سەن سپۆرت واهەژمارکراوە کە ڤێلا هەردوو یارییەکەی بردووەتەوە، بەمشێوەیە یانەکە چوار خاڵی بۆ زیادکراوە و بە 46 خاڵ هاتووەتە پلەی یەکەمی پرێمەرلیگ.
 
لیڤەرپوول بۆ پلەی دووەم دابەزیوە و ژمارەی خاڵەکانی وەک خۆیەتی، ئارسیناڵ خاڵێک زیاتری بەدەستهێناوە و تۆتێنهامیش دوو خاڵ، مانچێستەر سیتی بۆ پلەی پێنجەم دابەزیوە و مانچێستەر یونایتد لە پلەی هەشتەم ماوەتەوە و خاڵەکانیان گۆڕانکارییان بەسەردا نەهاتووە، برایتن زۆرترین خاڵی بەهۆی ڤار لەدەستداوە بەشێوەیەک کە بەبێ ڤار شەش خاڵ زیاتری بەدەستدەهێنا و بە 36 خاڵ پلەی شەشەمی دەگرت، چێڵسیش زۆرترین سوودی لەو تەکنەلۆژیایە وەرگرتووە و ئەگەر ڤار نەبووایە شەش خاڵ کەمتری دەبوو.

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە