ڤیدیۆ؛ بەرازیل بە مێژووە گەورەکەیەوە دەیەوێت بگاتە کۆتایی کۆپا ئەمریکا

05-07-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
بەرازیل
بەرازیل
نیشانەکردن بەرازیل
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

بە ئامانجی دووبارەکردنەوەی بردنەوەی قۆناخی کۆمەڵەکان، هەڵبژاردەی بەرازیل لە دەستپێکی قۆناخی پێشکۆتایی کۆپا ئەمریکادا بەرامبەر هەڵبژاردەی پیرۆ یارییدەکات.

کاژێر 02:00ـی بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، لەسەر یاریگەی مانێ گارینچای نیشتمانی، سیلیساو دەیەوێت جارێکی دیکە دووپاتیبکاتەوە باشترین نوێنەری نیشتمانەکەیەتی و خۆی بگەیێنێتە یاری کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.

بەرازیل لەم پاڵەوانێتییەدا دووەمجارە بەرامبەر پیرۆ یارییدەکات و لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر لە هەڵبژاردەکەی بردەوە، بەڵام پیرۆ کە بە دووەمی کۆمەڵەکە سەرکەوت و لە قۆناخی رابردووشدا پاراگوای کردە دەرەوە، لەو کاتە ورە بەرزترە و خەونیشی گەورەترە، لەکاتێکدا ئەوکاتە هەموو هەوڵێکی بۆ سەرکەوتن بەرەو قۆناخی هەشتبوو، بەڵام ئێستا هەنگاوێکی کەمی ماوە بۆ ئەوەی ببێتە سوپرایزێکی گەورە و خاوەن ماڵ لە پاڵەوانێتییەکە بکاتە دەرەوە.

بەرازیل لە مێژووی کۆپا ئەمریکادا بەرامبەر پیرۆ باڵادەستییەکی زۆری بەسەر ئەو هەڵبژاردەیەوە هەیە، لە کۆی 20 رووبەڕووبوونەوەی نێوانیاندا 15 یاریی لە پیرۆ بردووەتەوە، تەنیا سێجار دۆڕاوە و لە 2 یارییشدا یەکسانبوون، دوایین دۆڕانی سامباش بەرامبەر ئەو هەڵبژاردەیە لە قۆناخی کۆمەڵەکانی کۆپا ئەمریکای 2016 بوو، کە پیرۆ بووە هۆکارێکی گەورە بەرازیل لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بکرێتە دەرەوە، بەڵام لەو کاتەوە سیلیساو سێ یاریی لە کۆپا ئەمریکادا بەرامبەر ئەو هەڵبژاردەیە کردووە، هەرسێ یارییەکەی بردووەتەوە، 12 گۆڵی لە پیرۆ کردووە و تەنیا یەک گۆڵی لێکراوە.

بۆ یارییەکەی ئەمجارە گابریێل خیسوس بەهۆی وەرگرتنی کارتی سوورەوە یاریی ناکات، ئالێکس ساندرۆ لە دوایین مەشقەکاندا بەشداریی نەکردووە و پێناچێت یاریی بکات، بۆیە چاوەڕواندەکرێت تیتێ چەند گۆڕانکارییەک لە پێکهاتەکەیدا بکات.

بەرازیل تاوەکو ئێستا لەگەڵ ئەرجەنتین باشترین هەڵبژاردەی کۆپا ئەمریکان، لە پێنج یارییدا 4 بردنەوە و یەکسانبوونێکی هەیە، خاوەنی بەهێزترین هێڵی هێرشبەرە 11 گۆڵی کردووە، ئێستا کاتی درێژەدانە بەم ژمارانە بۆ گەیشتن بە یاری کۆتایی و چاوەڕێکردنی براوەی ئەرجەنتین و کۆڵۆمبیا بۆ رکابەریکردن لەسەر نازناوەکە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە