ریمۆنتادا یان ریالتادا؟

05-05-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ریال مەدرید سامان وڵاتژێری
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ریال مەدرید جارێکی دیکە دووپاتیکردەوە کە باشترین یانەی مێژووی چامپیۆنزلیگە و ناکرێت بە ئاسانی لە پاڵەوانێتییەکە بچێتە دەرەوە و ماڵئاوایی بکات، ئەوەی ریال مەدرید بەرامبەر مانچێستەر سیتی کردی، رێککەوت نییە، ئەوە گەورەیی و هەیبەتی تیپەکەیە.
 
ریال مەدرید تیپێكە، بەرلەوەی یاری بكات حیساب بۆ ناو، مێژوو و درێسە سپییەكەی دەكرێت، ئەمە پێش دەستپێكردنی یاری بۆ ھەموو تیپێك كە رووبەڕووی ریال مەدرید جێگەی ترسێكی زۆرە، جگە لەوەش تیپێكە ھەرگیز خۆی پێ دۆڕاو نییە، تەنانەت ئەگەر چەندیش خراپ بێت، تیپێكە بە گەورەیی دەچێتە نێو یاریگە و بە گەورەییش دێتە دەرەوە، تیپەکە ریمۆنتادای لەم وەرزەدا کردووەتە شتێکی باو و ریمۆنتادای گۆڕیوە بۆ ریالتادا.
 
ئەنچێلۆتی بەبێدەنگی گەورەترین رۆڵی بینی لە زیندووكردنەوەی تیپێك كە ئەم وەرزە تەنیا كارێزمایەكەی و ناوی ھەبوو، بنزیما لەنێو خراپترین بارودۆخدا درەوشایەوە و یاری نییە یاری بە ژمارەكان نەكات، ئا ئەمەیە ریال مەدرید.
 
ریال مەدرید ئەوەی لە یاریی رابردوودا کردی نیوەی زیاتری هۆکاری سەرکەوتنی یانەکە بوو بۆ یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، تۆمارکردنی 3 گۆڵ لە دەرەوەی یاریگەی خۆت و دۆڕان بەجیاوازیی تەنیا یەک گۆڵ ئەرکەکە ئاسانتر دەکات و کردی، ئەمەیە ریال مەدرید.
 
زۆر هۆکار هەن بۆ سەرکەوتنی ریال مەدرید لێرەدا هەندێکیان دەخەمەڕوو
 
یەکەم؛ ریال مەدرید بە دەروونێکی زۆر ئارامەوە چووە نێو یاریگە، وەک ئەوەی لە یاریی چووندا هیچ رووینەدابێت و براوەبووبێت، یاریزانەکانی دۆڕانی یاریی رابردوویان لەبیر خۆیان بردەوە و تەنیا بیریان لای ئەم یارییە بوو، لەبەرامبەردا مانچێستەر سیتی بە نائارامییەوە دەرکەوت.
 
دووەم؛ ریال مەدرید لە رووی جەستەییەوە تیپێکی زۆر ئامادەتر دەرکەوت، یاریزانەکانی بەدرێژایی یارییەکە لەنێو یاریگەدا جووڵەیان هەبوو و کەمترین هەڵەیان کرد.
 
سێیەم؛ گۆڕینی پلانی یارییکردن بۆ هێرشبەری، گواردیۆلا خۆی دەڵێت " ریال مەدرید بەپێنج هێرشبەرەوە یارییدەکرد، هەموو یاریزانەکانی ریال مەدرید لە یارییەکە رۆڵی بەرگریان بینی و هەمووشیان رۆڵی هێرشبەریان بینی.
 
چوارەم؛ ریال مەدرید پێچەوانەی یارییەکانی رابردوودا، لەم یارییەدا هەر لە سەرەتاوە بە گوشارکردن دەستیپێکرد، مانچێستەر سیتی ناچارکرد شێوازی هەمیشەیی خۆی کە گواستنەوەی تۆپە بەئارامی لەدەستبدات و تیپەکەی خستە ژێر گوشارێکی زۆرەوە.
 
پێنجەم؛ یەدەگی ریال مەدرید لە هەموو ئەو یانانەی لە قۆناخەکانی کرانە دەرەوەدا لەم وەرزەدا بە یانەی شاهانە دۆڕاون خراپتربوو، بەڵام متمانەدان بە یاریزانەکان و ئامادەکردنیان لە رووی جەستەییەوە بەباشی هۆکارێکی دیکەی یەکلاکردنەوەی یارییەکانن، بەتایبەتیش رۆدریگۆ کە ژمارەکانی لە چەند یاریی رابردوودا جێگەی سەرنجی زۆرن و وا بڕوات جێگەی خۆی بە ئاسانی لە پێکهاتەی سەرەکی یانەکەدا دەکاتەوە.
 
شەشەم؛ گواردیۆلا لە یارییەکەدا هەڵەی زۆری کرد، بەتایبەت کە خوێندنەوەی هەموو خولەکەکانی یارییەکە نەکرد و پێی وابوو دوای گۆڵەکەی ریاز مەحرز ئەوان گەیشتوونەتە یاریی کۆتایی، گۆڕینی دیبرۆین و هێنانەوەی فێرناندینیۆ لە شوێنی مەحرز کاریگەریی خراپی لەسەر تیپەکە دروستکرد و لە هێرشبەرییەوە تیپەکە بووە بەرگریکار.
 
حەوتەم؛ بێدەنگی ئەنچێلۆتی و پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ یاریزانەکانی، کردار لە شوێنی قسەکردن لەلایەن ئەو راهێنەرەوە کاریگەریی زۆر گەورەی لەسەر تیپەکە دروستکردووە، لەکاتێکدا لەسەرەتای وەرزەوە کەس چاوەڕوان نەبوو ریال مەدرید لالیگا بباتەوە، کەس چاوەڕوان نەبوو، ریال مەدرید بگاتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، بەڵام ئەنچێلۆتی بە ئارامی و بێدەنگییەوە مێژووییەکی دیکەی تۆمارکرد، کارکردنی ئەو لە ئینگلتەرا وەک راهێنەر و لە سەرجەم خولە گەورەکانی ئەوروپا و ئەزموونیشی لە چامپیۆنزلیگدا رۆڵی گەورەی لە ئەنجامەکانی ریال مەدریددا هەبووە.
 
هەشتەم؛ کەریم بنزیما بەباشترین کاتەکانیدا تێدەپەڕێت، هێرشبەرێک کە هەمووان سەردەمێک فیکەی ناڕەزایەتیان بۆی لێدەدا و داوای فرۆشتنیان دەکرد، ئێستا هەموویان شەیدای ئەون، بنزیما یاریزانێکە لە کەمترین دەرفەتدا گۆڵ دەکات، جاران ئەگەر لە سێ تۆپ گۆڵێکی کردبا، ئێستا لە نیو پاسدا دەتوانێت یاریت بۆ یەکلابکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە