رووداو دیجیتاڵ
دوای 44 رۆژ لە بردنەوە مێژووییەکەیان بەرامبەر یانەی بێنفیکا، یانەی بارسێلۆنا جارێکی دیکە دەچێتەوە لیسبۆنا و یارییەکی دیکە بەرامبەر یانەی بێنفیکا دەکات.
لە یارییەکانی چوونی قۆناخی شازدەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، ئەمشەو یانەی بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی بێنفیکا یاری دەکات و دەیەوێت بەبردنەوەوە بگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی لە یاریی گەڕانەوەدا رکابەری لەسەر گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو تەواو بکات.
بارسێلۆنا دوای نیوەڕۆی رۆژی سێشەممە گەیشتە پۆرتوگال و هەمان شەو دوایین مەشق و راهێنانەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامدا، تیپەکە لە دۆخێکی باشدایە و دەیەوێت لەسەر ئاستی ئەورووپاش درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات.
بارسا لە ساڵی 2025 هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و تاوەکو ئێستا 15 یاریی لەم ساڵەدا بەبێ بردنەوە بەڕێکردووە و دەیەوێت درێژە بەو ئاستە بەرزەی بدات.
بلاوگرانا ئەم وەرزە تیپێکی رکابەر و گۆڵکارە، یانەکە لە دوایین سێ یارییدا 10 گۆڵی تۆمارکردووە.
هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا بەر لە یارییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "پێموایە ئەوان بیرۆکەی خۆیان هەیە سەبارەت بەوەی کە چۆن دەیانەوێت یاری بکەن، ئێمەش بیرۆکەی خۆمان هەیە سەبارەت بەوەی کە چۆن دەمانەوێت لە یارییەکە نزیک ببینەوە، هەریەکەمان ستراتیژییەکی باشمان هەیە، بۆیە چاوەڕێ دەکەین و بزانین چی ڕوودەدات."
راهێنەری بارسێلۆنا زیاتر گوتی "هیوادارم بەباشی ئامادەبین بۆ هێرشە پێچەوانەکانیان، بەتایبەت کە خێرا و مەترسیدار دەرکەوتن لە یاریی یەکەمماندا چەند هەفتەیەک لەمەوبەر، بۆیە یارییەکەمان زەحمەت دەبێت، بەڵام هیوادارم باشتر لەو یارییە دەربکەوین کە پێشتر بەرامبەر ئەو یانەیە ئەنجامماندا."
بارسێلۆنا لە رۆژی 21-1-2025 لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە قۆناخی یەکەمی چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر بێنفیکا یارییکرد و بەشێوەیەکی دراماتیکی و سەرنجڕاکێش بە 5-4 لەو یانەیەی بردەوە، لەکاتێکدا لە ماوەی 30 خولەکدا بێنفیکا 3 گۆڵی لەو یانەیە کردبوو.
ئامارێکی خراپی یانەی بارسێلۆنا، لە قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگدا بۆ هاندەرانی یانەکە جێگەی مەترسییە، لەکاتێکدا لە ساڵی 2016ـەوە یانەکە هیچ یارییەکی چوونی لەم قۆناخەدا نەبردووەتەوە، لەو ماوەیەدا یانەکە 6 ساڵ یارییکردووە و نەیبردووەتەوە و دوو ساڵیش نەگەیشتووەتە ئەم قۆناخەی رکابەرییەکە.
یارییەکانی بارسێلۆنا لە 2016ـەوە، لە رکابەرییەکانی چوونی قۆناخی 16
- 2017: دۆڕان بەرامبەر پاریس سانجێرمان 0-4
- 2018: یەکسانبوون لەگەڵ چێڵسی 1-1
- 2019: یەکسانبوون لەگەڵ لیۆن 0-0
- 2020: یەکسانبوون لەگەڵ ناپۆلی 1-1
- 2021: دۆڕان لەگەڵ پاریس سانجێرمان 1-4
- 2022: سەرنەکەوت
- 2023: سەرنەکەوت
- 2024: یەکسانبوون لەگەڵ ناپۆلی 1-1
ئەوەی سەرنجڕاکێشە، دوایینجار کە بارسێلۆنا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە 5-4 لە بێنفیکا بردەوە، بە درێسی رەشەوە یارییکرد و ئەمشەویش هەر بەو درێسەوە یاری دەکات و دەیەوێت بردنەوەکەی دووبارەبکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ