رووداو دیجیتاڵ
هەریەکە لە بارسێلۆنای ئیسپانی و لیڤەرپوولی ئینگلیزی لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان سەرکەوتنی گرنگیان بەدەستهێنا و بایرن میونشنیش رکابەرە ئەڵمانییەکەی خۆی شۆککرد.
یارییەکانی چوونی قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ، بەسەرکەوتنی لیڤەرپوول لە دەرەوەی یاریگەی خۆی و بارسێلۆنا بەهەمان شێوە کۆتاییان هات.
بارسێلۆنا لە نێو یاریگەی دالووش، دووچاری زەحمەتییەکی زۆر بووەوە پاشئەوەی لە خولەکی 22 پاو کۆبارسی بەرگریکەر بەکارتی سوور کرایە دەرەوە و یانەکە ناچاربوو بە دە یاریزانەوە درێژە بەیارییکردن بدات.
وێڕای کەمیی ژمارەی یاریزانەکانی، بارسێلۆنا ئاستێکی باش و سەرنجڕاکێشی پێشاندا و لە خولەکی 60 رافینیا تاکە گۆڵی یارییەکەی تۆمارکرد و بارسا سێ خاڵی یارییەکە و بردنەوەیەکی گرنگی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی مسۆگەرکرد.
لای خۆیەوە، پاریس سانجێرمانی فەرەنسی لە نێو یاریگەی خۆیدا، دووچاری شۆک بوو، کاتێک بەرامبەر لیڤەرپوول بەگۆڵێکی بێبەرامبەر دۆڕا.
سانجێرمان لەسەرەتاوە تاوەکو کۆتایی کۆنترۆڵی یارییەکەی کرد، مەترسیی زۆری لەسەر گۆڵی لیڤەرپوول دروستکرد. چەندینجار نزیکبوو لەوەی گۆڵ بکات، بەڵام پەلەپەلی هێرشبەرەکانی و درەوشانەوەی ئالیسۆن بیکەری گۆڵپارێزی لیڤەرپوول، رێگربوو لەوەی یانەکە گۆڵ تۆماربکات.
لە کاتێکدا سانجێرمان بەهەموو توانای خۆیەوە گوشاری دەکرد، لیڤەرپوول لە هێرشێکی هەڵگەڕاوەی خێرادا و بەتەنیا سێ پاس، توانی گۆڵی سەرکەوتن تۆماربکات لە رێگەی ئیلیۆتەوە کە لە دوا خولەکەکانی یارییەکەدا بەشداریی کرد.
لیڤەرپوول ئەنجامێکی زۆر باشی بەدەستهێنا و هەفتەی داهاتوو لە ئانفێڵد بەئارامی رووبەڕووی پاریس سانجێرمان دەبێتەوە.
لای خۆیەوە، بایرن میونشن، بەشی زۆری رێگەکەی بەرەو قۆناخی داهاتوو بڕی، پاشئەوەی بە سێ گۆڵی بێوەڵام لە بایرلیڤەرکوزنی بردەوە.
بایرن میونشن لە ئالیانز ئارێنا جارێکی دووپاتیکردەوە کە ئەزموون دەتوانێت رۆڵی یەکلاکەرەوە لە ئەنجامەکاندا ببینێت.
گۆڵەکانی بایرن میونشن لە رێگەی هاری کەین بەلێدانی سزا، جەمال موسیالا و هاری کەینەوە تۆمارکران.
لیڤەرکوزن لە خولەکی 62ەوە بە دە یاریزانەوە یارییکرد، پاشئەوەی نۆردی مۆکیلی بەهۆی کارتی زەردی دووەمەوە لە یارییەکە کرایە دەرەوە.
یارییەکانی شەوەکەی چامپیۆنزلیگ بەسەرکەوتنی ئینتەرمیلان بەرامبەر فاینۆردی هۆڵەندی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر دەستیپێکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ