هانزی فلیک: ئەوەی روویدا یارییەکی شێتانە بوو

22-01-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن چامپیۆنزلیگ یانەی بارسێلۆنا هانزی فلیک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بارسێلۆنا سەرکەوتنێکی دراماتیکیی بەسەر بێنفیکا لە چامپیۆنزلیگ بەدەستهێنا و دوای یارییەکە هانزی فلیکی راهێنەری ئەو یانەیە گوتی، ئەوەی روویدا، شێتانە بوو، زۆر شێتانە بوو.
 
بارسا بووە میوانی بێنفیکا، گێمی یەکەمی یارییەکە بە 3 - 1 گۆڵ لەبەرژەوەندی بێنفیکا کۆتایی هات. بەڵام لە گێمی دووەمدا و لە کۆتاییەکانی یارییەکەدا، بارسێلۆنا ریمۆنتادای کرد و 5 - 4 گۆڵ سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
 
دوای یارییەکە، هانزی فلیک، راهێنەری بارسێلۆنا گوتی، ئەوەی روویدا شێتانەبوو، "یارییەکی زۆر شێتانە بوو. پێموایە بێنفیکا کارێکی زۆر ناوازەی لە گێمی یەکەمدا کرد، بەتایبەت لە نیو کاژێری یەکەمیدا، بەڵام ئێمە هەڵەی زۆرمانکرد، بەباشی بەرگریمان نەکرد، هەر ئەوەش وایکرد ئەنجامی گێمەکە 3 بە 1 بێت. لە پشووی نێوان هەردوو گێمدا گوتمان، زۆر باشە ئێمە دەبێ هەندێک شت بگۆڕین، هەروەها لە یاریگەدا باشتر رابوەستین. ئەوەشمان گوت کە ئێمە دەمانەوێت ئەنجامەکە هەڵبگێڕینەوە، باشترین هەلیشمان هەیە بۆ ئەوە لە گێمی دووەمدا. گەڕانەوەکەمان لە رێگەی عەقڵیەت و متمانەی تیپەکە بەخۆی بەدەستهێنا، ئەوەش کارێکی زۆر باشبوو. کارێکی باوەڕپێنەکراو. من هەندێکجار بەتەنیا خاڵێک رازی دەبووم، بەڵام لە کۆتاییدا زۆر باشترە کاتێک سێ خاڵ بەدەست دەهێنیت، کارەکە ناوازە بوو".
 
راهێنەری بارسێلۆنا رەتیکردەوە رەخنە لە توانای چیزنیی گۆڵپارێزی تیپەکەی بگرێت، ئەو گوتی، هەمووان هەڵەیانکرد، چیزنیش بەهەمان شێوە، "پێموایە چیزنی هەندێک هەڵەی کرد، هەموو یاریزانەکانمان هەڵەیان کرد، بەتایبەت لە گێمی یەکەمدا، لەبەرئەوە من باسی ئاستی خراپی تاکەکەسی ناکەم، بەتایبەت لە دۆخی هاوشێوەی ئەوەی کە روویدا، لەبەرئەوەی چیزنی زۆر تۆپی یاریزانانی بێنفیکاشی گەڕاندەوە. ئێمە پێکەوە دەبەینەوە و دەدۆڕێین. من زۆر دڵخۆشم بۆ تیپەکەم و هاندەران و یانەکە بۆ ئەم بردنەوەیە. ئێمە لەپێناو ئەواندا ریمۆنتادامان کرد، ئێستا یادگاریی باشمان لە لیسبۆن هەیە".
 
بەبردنەوەی یارییەکەی دوێنێ شەو، بارسێلۆنا گەیشتنی راستەوخۆی بۆ قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ مسۆگەرکرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە