رووداو دیجیتاڵ
لویس ئینریکێی راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی دەڵێ، رووبەڕووبوونەوەی لیڤەرپوول لە قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ، رووبەڕووبوونەوەی یەکگرتووترین تیپی ئێستای ئەورووپایە.
لیڤەرپوول سبەی شەو لە باخچەی شازادەکان دەبێتە میوانی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، بەرلەوەی هەردوو تیپ هەفتەی داهاتوو لە ئانفێڵد بەیەک بگەنەوە.
ئینریکی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی بەرلە یارییەکە دەڵێ، "یارییەکی قورس چاوەڕێمان دەکات بەرامبەر تیپێک کە لەسەر ئاستی ئەورووپا لە هەمووان یەکگرتووترە، بەڵام ئەوەش پاڵنەرێکە بۆمان بۆ ئەوەی پێشانی بدەین ئێمەش لە ئاستی رووداوەکەداین".
راهێنەرە ئیسپانییەکەی سانجێرمان زیاتر دەڵێ، "لیڤەرپوول لە باشترین تیپەکانی چەند ساڵی رابردووی ئەورووپایە، بەر لە چەند ساڵێکی کەم نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە، ژمارەیەک یاریزانی ناوازەی وەک محەمەد سەڵاحی هەیە کە بەژمارە بێوێنەکانی درەوشاوەتەوە".
ئەو هەروەها دەڵێ، "بەڵام لیڤەرپوول تەنیا پشت بەسەڵاح نابەستێت، هەندێک جیاوازیی بچووک هەیە لەنێوانماندا، ئێمە زیاتر مەیلمان بەلای کۆنترۆڵی تۆپ و بەرگریکردن وەک یەک پارچە هەیە، لە کاتێکدا ئەوان پێویستیان بەکۆنترۆڵی زۆری تۆپ نییە بۆ دروستکردنی مەترسی، چونکە سیانەیەکی هێرشبەری زۆر مەترسیداریان هەیە کە لە فڕۆکەی جەنگیی دەچن، خێرا و مەترسیدارن، لەبەرئەوە دەبێ وریابین بۆ ئەوەی ئەوان رابگرین".
ئینریکێ هەروەها دەڵێ، "لیڤەرپوول لەرووی جەستەییەوە بەهێزتر دیارە، بەڵام پاریس ریتمی هێرشبەرییانەی خێرای خۆی هەیە، متمانەم بەتواناکانمان هەیە بەوەی دەتوانین باشترین پێشکێش بکەین. ئەگەر بەهەمان ئاستی ماوەی رابردوومانەوە بەردەوام بین، دەتوانین درێژە بەکاروانی خۆمان لە پاڵەوانێتییەکە بدەین".
لویس ئینریکێ هەروەها دەڵێ، "یاریی چوون یەکلاکەرەوە نابێت، کێشە نییە ئەگەر لە یاریگەی خۆماندا بدۆڕێین و لە ئانفێڵد براوەبین، بەڵام دووپاتیدەکەمەوە کە یارییکردن لێرە لە پاریس زۆر قورسە، لەبەرئەوەی هاندەرەکانمان زۆر بەجۆشوخرۆشن".
راهێنەری سانجێرمان زیاتر دەڵێ، "دڵخۆشم بەمتمانە و پشتگیریی هاندەرانمان، دڵخۆشم بەو دۆخە پۆزەتیڤەی لە میدیاکان هەیە لەبارەی توانامانەوە بۆ سەرکەوتن بۆ قۆناخی داهاتوو. بێگومان خاڵی بەهێزی باشتر لە لیڤەرپوولمان هەیە، بەڵام من ئێستا لێرەدا ئاشکرای ناکەم".
لویسی راهێنەری پێشووی بارسێلۆنا و ئیسپانیا زیاتر دەڵێ، "هەرچەندی رێژەی کۆنترۆڵی تۆپمان لە یارییەکەدا بەرامبەر لیڤەرپوول زیاتر بێت، کەمتر دەناڵێنین، بەڵام کێشە لەوەدا نابینم ئاستمان خراپ بێت، بەڵام بپەڕینەوە بۆ قۆناخی داهاتوو".
پاریس سانجێرمان ساڵانێکی بەرچاوە هەوڵدەدات بۆ بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ، بەڵام یانەکە تاوەکو ئێستا ئەو ئامانجەی بەدەستنەهێناوە، لە کاتێکدا لە وەرزی 2019 - 2020 گەیشتە یاریی کۆتایی و لەوێ بە بایرن میونشنی ئەڵمانی دۆڕا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ