سەرۆکی سانجێرمان: سەڵاحمان ناوێت و ئینریکێ باشترین راهێنەری جیهانە

04-12-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی پاریس سانجێرمان ناسڕ خلێفی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ناسڕ خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی رەتیکردەوە یانەکەی هەوڵی گرێبەستکردن لەگەڵ محەمەد سەڵاح، ئەستێرەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی بدات، پاشئەوەی میدیاکان باسیان لە پەیوەندی خلێفی بەسەڵاحەوە کرد، بۆ چوونی ئەو یاریزانە بۆ یانە پاریسییەکە.
 
خلێفی قسەی بۆ میدیای ئەڵمانیا کردووە، دەڵێ، "ئەوەی لەبارەی هەوڵدانمان بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ سەڵاح کراوە، تەنیا هەندێک دەنگۆی ناڕاستن".
 
ئەو زیاتر گوتویەتی، "سەڵاح یاریزانێکی نایابە، بەڵام هەرگیز بیرمان لەوە نەکردووەتەوە گرێبەستی لەگەڵ بکەین".
 
دۆخی سەڵاحی 32 ساڵان لەگەڵ لیڤەرپوول و لێدوانی بەردەوامی لەبارەی نوێنەکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە ئینگلیزییەکە، گومانی زۆری لەبارەی چارەنووسی ئەو یاریزانەوە دروستکردووە، کە لە هاوینی داهاتوودا گرێبەستەکەی لەگەڵ لیڤەرپوول کۆتایی دێت.
 
سەڵاح دوای سەرکەوتنی یانەکەی بەسەر ساوسامتن بە 3 - 2 گۆڵ، لەسەرەتای هەفتەی رابردوودا گوتی، "هەست بەبێئومێدی دەکەم، لەبەرئەوەی لە مانگی دوانزەداین و تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک لە کارگێڕیی لیڤەرپوول لەبارەی گرێبەستەکەمەوە قسەی لەگەڵ نەکردووم، من دەمەوێ بمێنمەوە، بەڵام کارەکە نەبەدەست منە و نە بەدەست هاندەرانە، هەربۆیە لەوانەیە ئەمە دوایین وەرزم بێت لە لیڤەرپوول".
 
سەرۆکی سانجێرمان، لەبارەی دۆخی تیپەکەیەوە و ئەو هەواڵانەی باس لە بوونی کێشە و ناکۆکی لەگەڵ ئەو راهێنەرە دەکەن، دەڵێ، "ئینریکێ باشترین راهێنەری جیهانە، ئەو پڕۆژەیەک بۆ داهاتوو دروستدەکات، لەگەڵ ئەودا پڕۆژەیەکی درێژخایەنمان هەیە لەپێناو دروستکردنی تیپێک".
 
سانجێرمان ئەمساڵ لە چامپیۆنزلیگ دۆخی زۆر خراپە و نزیکە لەوەی نەگاتە قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ.
 
خلێفی دەڵێ، "بێگومان ئەنجامەکان گرنگن، بەڵام ئێمە چاومان لەسەر پڕۆژە درێژخایەنەکەی خۆمانە".
 
سانجێرمان لە دوای پێنج یاریی لە چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ، تەنیا چوار خاڵی بەدەستهێناوە و لە پلەی 26ی ریزبەندی خولەکەیە لە کۆی 36 یانەی بەشدار و ئەوەش مانای ئەوەیە تیپەکە ناگاتە قۆناخی داهاتوو، ئەگەر سەرجەم یارییەکانی دیکەی خۆی لە قۆناخی یەکەمی پاڵەوانێتییەکە نەباتەوە.
 
پاریس سانجێرمان لە یارییەکانی داهاتوویدا لە چامپیۆنزلیگ، بەرامبەر هەریەکە لە سالزبۆرگ، مانچێستەر سیتی و شتوتگارت یارییدەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە