ئەو لاوەی کلاسیکۆی یەکلاکردەوە کێیە؟

04-08-2024
ئەحمەد حاجی @AhmedHajy10
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای ئەو ئاستە بەرزەی لە کلاسیکۆی دۆستانەی نێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و بارسێلۆنا پێشکێشیکرد، سەرنجی هەموو میدیا و وەرزش دۆستانی بۆ لای خۆی راکێشا.
 
ئەو پەرجووەی دوو یارییە لە قۆناخی ئامادەکاریدا گۆڵ بۆ بارسێلۆنا دەکات و بەهۆی گۆڵەکانی ئەوەوە بارسا یارییەکان دەباتەوە کێیە؟
 
پاو ڤیکتۆر، یاریزانی لاوی تەمەن 23 ساڵ، لەدایکبووی شاری بارسێلۆنایە، سەرەتای یاریکردنی لە لاوانی یانەی جیرۆنا بووە، دواتر بە خواستن بۆ یانەکانی سابادێل و بارسا ئاتلێتیک یاریی کردووە.
 
لە وەرزی رابردوو پاو لەگەڵ یانەی بارسا ئاتلێتیک و لەژێر سەرپەرشتی ئەستێرەی پێشووی بلاوگرانا رافایێل مارکێز، ئاستێکی زۆر نایابی پێشکێشکرد، لە 39 یارییدا 20 گۆڵی تۆمارکرد، بارسێلۆنای ناچارکرد گرێبەستێکی درێژخایەنی لەگەڵ واژۆ بکات.
 
لە 24ی مانگی حەوتی رابردوو، بارسێلۆنا گرێبەستی پاو ڤیکتۆری راگەیاند، بە 3 ملیۆن یۆرۆ بۆ پێنج وەرز لەژێر سەرپەرشتی هانسی فلیک دەبێت.
 
پاو بە قاچی راست یاری دەکات، هەم وەک هێرشبەری سەرەڕم هەم دەتوانێت لە باڵی راست یاری بکات، ئەمەش دەکرێت ببێت بە چارەسەرێک بۆ نەبوونی باڵی هێرشبەری راست لە بارسێلۆنا.
 
سەرەڕای ئەوەی کە بارسێلۆنا بەرەبەیانی ئەمڕۆ کلاسیکۆی بردەوە، بەڵام هانسی فلیک راهێنەر بەردەوام بوو لە رەخنە گرتن و هاندانی یاریزانانی، لەوەی کە وەکو پێویست گۆشاریان نەخستووەتە سەر یاریزانانی ریال مەدرید.
 
لە چوارچێوەی ئامادەسازییەکان بۆ وەرزی نوێ، بارسێلۆنا و ریال مەدرید لە یاریگەی مێت لایف لە وڵاتی ئەمریکا یارییەکی دۆستانەیان ئەنجامدا و لە یارییەکە بارسێلۆنا بە دوو گۆڵی بەرامبەر گۆڵێک یارییەکەی بردەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە